راگەیەندراوی پەیوەندییەکانی پەرلەمان لەبارەی هێرشکردنە سەر کوردێک لە تورکیا

راگەیەندراوی پەیوەندییەکانی پەرلەمان لەبارەی هێرشکردنە سەر کوردێک لە تورکیا
لێژنەی پەیوەندییەکان و رەوەندی کوردستانی لە پەرلەمانی کوردستان راگەیەندراوێک لەبارەی هێرشکردنە سەر کوردێک لە تورکیا، بڵاو دەکاتەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا، لێژنەی پەیوەندییەکان و رەوەندی کوردستانی ”ئیدانەی هەر جۆرە ڕەگەزپەرستییەک“ دەکات.

لێژنەکە داوای لە هێزە ئەمنیەکانی تورکیا کردووە ”دەست بەجێ ئەو گەشتیارانەی کە بەو هۆیەوە گیراون ئازاد بکرێن“.

رۆژی پێنجشەممە 18-7-2019، گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بووە و تێیدا دەرکەوت، کە ژمارەیەک هاووڵاتیی تورکیا لە شاری ترابزۆن لە گەشتیارێکی هەرێمی کوردستان دەدەن و دواتر باس لە دەستگیرکرانی ئەو گەشتیارە کوردە کرا، بەهۆی ئەوەی ویستوویەتی بە ئاڵای کوردستانەوە وێنەیەک بگرێ.

هەر ئەمڕۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی دەرکرد و تێیدا بە ئاماژەکردن بەوەی، ئاڵای کوردستان ئاڵایەکی فەرمییە، رایگەیاند، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپاردووە ”لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا قسە بکەن، تا بە زووترین کات گەشتیارانی هەرێمی کوردستان ئازاد بکرێن“.

دەقی راگەیەندراوەکەی لێژنەی پەیوەندییەکان رەوەندی کوردستانی:

وەک لێژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی پەرلەمانی کوردستان، ئیدانەی هەر جۆرە ڕەگەزپەرستییەک دەکەین کە لە لایەن هەندێک لە هاوڵاتیانی تورکیا لە شاری ترابزۆن بەرامبەر بە گەشتیارانی کوردستان کراوە. لە هەمان کاتیشدا داوا لە دەزگاکانی پولیسی ئەو وڵاتە دەکەین کە دەست بەجێ ئەو گەشتیارانەی کە بەو هۆیەوە گیراون ئازاد بکرێن.

لێژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی- پەرلەمانی کوردستان.










باسنيوز
Top