فەرماندەیەکی زێرەڤانی: هۆکاری تەقینەوەی کۆگای چەک و تەقەمەنی شۆرتی کارەبا بووە

فەرماندەیەکی زێرەڤانی: هۆکاری تەقینەوەی کۆگای چەک و تەقەمەنی شۆرتی کارەبا بووە
بەرپرسێكی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی رای گەیاند كاتژمێر 4ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە بەهۆی شۆرتێكی كارەباوە لە یەكێك لە كۆگاكانی چەك و تەقەمەنی رووی داوە ژمارەیەك چەك و گوللەی جۆراوجۆر تەقیونەتەوە.

عەمید دێدەوان خورشید، ئەندامی فەرماندەیی و بەرپرسی رۆشنبیری و راگەیاندنی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی، لەمبارەوە رايگەیاند: "لە یەكێك لە كۆگاكانی چەك و تەقەمەنی بارەگای لیوای 1ی ناو شاری سەر بە فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی كاتژمێر 4ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە بەهۆی شۆرتێكی كارەباوە ژمارەیەك چەك و تەقەمەنی و گوللەی هاوەن و ئارپیجی و بیكەی سی و كلاشینكۆف تەقیونەتەوە، بەڵام دوای كاتژمێرێك تواندرا رووداوەكە كۆنترۆل بكرێت".

راشی گەیاند "خۆشبەختانە لە ڕووداوی تەقینەوەی كۆگاكەدا جگە لە زیانی مادی، هیچ زیانێكی گیانی لێ‌ نەكەوتووەتەوە، بە مەبەستی لێكۆلێنەوە لە رووداوەكەش لێژنەیەكی باڵا پێكهێنراوە".

بەرپرسی رۆشنبیری و راگەیاندنی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی ئەوەشی خستە ڕوو: "ئەو تەقەمەنیانە زۆربەیان كۆنن و بەكەڵك نەماون، هەروەها دروستكراوی وڵاتی جیاجیان، بۆیە شێوازی هەڵگرتن و پاراستنیان وەكو یەك نین، هەموو هەوڵێكیشمان خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی رێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەو ڕووداوانە بکەین".









باسنيوز
Top