نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ڕووسیا کرد

نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ڕووسیا کرد
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق کرد، ھەردوولا جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و ڕووسیا و چارەسەرکردنی کێشەکانی ھەولێر ـ بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور کردەوە.

لە دیدارێکدا کە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 17/7/2019 لە ھەولێر بەڕێوە چوو، ماکسیم ماکسیمۆڤ، باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق پیرۆزبایی خۆی و سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا و میخائیل بۆگدانۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیای بە نێچیرڤان بارزانی ڕاگەیاند بۆ دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و ھیوای سەرکەوتنیان بۆ خواست، لە بەرامبەردا نێچیرڤان بارزانی سوپاسی کردن و سڵاو و رێزی بۆ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا و جێگرەکەی نارد.

لە دیدارەکەدا ھەردوولا جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و ڕووسیا و چارەسەرکردنی کێشەکانی ھەولێر ـ بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور کردەوە، لەمبارەیەوە نێچیرڤان بارزانی ئامادەیی ھەرێمی کوردستانی بۆ چارەسەر نیشان دا و ئاماژەی بە سەردانی دوێنێی شاندێکی باڵای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا کرد.

تاوتوێکردنی دۆخی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و چەند بابەتێکی پەیوەندیدار بە دۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و ھەرێمی کوردستانەوە، لایەنێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.











باسنيوز
Top