لە قەڵادزێ دوو کەس بە ماددەی ھۆشبەرەوە دەستگیر کران

لە قەڵادزێ دوو کەس بە ماددەی ھۆشبەرەوە دەستگیر کران
لە قەڵادزێ و لەلایەن نووسینگەی نەھێشتنی تاوانی پشدەر، دوو کەس بە ماددەی ھۆشبەرھەوە دەستگیر کران.

ئەمڕۆ چوارشەممە 17/7/2019، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ڕاپەڕین ڕاگەیاندراوێکی لە پەیجی فەرمیی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاو کراوە، تێیدا ھاتووە: "ھێزەکانمان لە نووسینگەی نەھێشتنی تاوانی پشدەر (مکافحە) پاش چاودێریکردنی کەسێک کە گومان دەکرا ماددە ھۆشبەرەکان بەکار بھێنێت، دواجار بە بڕیاری دادوەر لەبەردەم دووکانێکی دەرمانخانە لە قەڵادزێ بە پێنج پارچە حەبەوە لە جۆری (ترامادۆڵ) دەستگیر کرا".

پۆلیسی ڕاپەڕین باسی لەوەش کردووە: "دواتر بە بڕیاری دادوەر و دوای پشکنینی دەرمانخانەکە پێنج پارچەی دیکە لە ھەمان جۆری حەب دۆزرایەوە و لە ھەمان کاتدا لەلایەن مەفرەزەکانی نووسینگەی نەھێشتنی تاوانی پشدەر خاوەنی دەرمانخانەکە دەستگیر کرا، کە کۆی گشتیی ئەو حەبانەی دەستیان بەسەردا گیراوە، ژمارەیان 10 پارچەیە کە دەکاتە 100 دەنک".

ئەوەش خراوەتە ڕوو، بە بڕیاری دادوەر و بە ماددەی 14 لە یاسایی ماددە ھۆشبەرەکان ھەردوو تۆمەتبارەکە ڕاگیراون، دوای لێکۆڵینەوەش لەگەڵیاندا، دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە، پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و لێکۆڵینەوەش بەردەوامە.









باسنيوز
Top