لە ھەولێر دوو کەس دەستگیر کران
ئەمڕۆ چوارشەممە 17/7/2019، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ھەولێر ڕاگەیاندراوێکی لە پەیجی فەرمیی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاو کردەوە، تێیدا ڕائید باساک فەرەج ڕەحیم، بەرپرسی نووسینگەی نەھێشتنی تاوانی عەنکاوە ڕای گەیاندووە: "ئاگادار کراینەوە بەبوونی دوو ڕووداوی جیا لە سنووری بنکەکەمان، ئێمەش دۆسیەی لێکۆڵینەوەمان بۆ ئەم دوو ڕووداوە کردەوە و دەستمان بە لێکۆڵینەوە کرد، دوای وەرگرتنی زانیاری، توانیمان ناسنامەی دوو تۆمەتبار ئاشکرا بکەین و دەستگیریان بکەین".
پۆلیسی ھەولێر ئاماژە بەوەش دەکات، کە تاوانەکان بەم شێوەیە بوون:
تاوانی یەکەم، تۆمەتبار (ا.ئـ.ع) تەمەن 17 ساڵ، دوو ماتۆڕسکیلی لە گوندی لوبنانی دزی بوو، تۆمەتبار بەپێی ماددە 446 لە یاسای سزادانی عێراقی بەندە.
تاوانی دووەم، تۆمەتبار (ع.ش.ع) تەمەن 19 ساڵ، ماتۆڕسکیلێکی لە عەنکاوە دزی بوو، کە بە نزیکەی بڕی 4 ھەزار دۆلاری ئەمریکی دەخەمڵێنرێت، تۆمەتبارەکەش بەپێی ماددەی 446 لە یاسای سزادانی عێراقی بەندە.
باسنيوز
