كەركووك.. بڕی 40 هەزار دۆلار لە نووسینگەیەكی دراو دزرا

 كەركووك.. بڕی 40 هەزار دۆلار لە نووسینگەیەكی دراو دزرا


ژمارەیەك چەكدار لە كەركووك هێرش دەكەنە سەر نووسینگەیەكی دراو و بڕی 40 هەزار دۆلار دەبەن و پاشان هەڵدێن.



بەپێی زانیارییەكانی (باسنیوز) چەند چەكدارێكی نەناسراو لە گەڕەكی (رەحیم ئاوا)ی كەركووك، هەڵدەكوتنە سەر نووسینگەیەكی دراوی هاووڵاتییەكی كورد و بڕی 40 هەزار دۆلار لە نووسینگەكە دەبەن و پاشان هەڵدێن.



ئەمڕۆ چوارشەممە 17/7/2019، عەمید ئەفراسیاو كامیل زەنگەنە، گوتەبێژی پۆلیسی كەركووك، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "خاوەن نووسینگەیەكی دراو لە گەڕەكی رەحیم ئاوای كەركووك، پۆلیسی ئاگادار كردووەتەوە كە چەند كەسێك هەڵیانكوتاوەتە سەر نووسینگەكەی و بڕی 40 هەزار دۆلاریان بردووە".



گوتیشی: "ئێستاش پۆلیس دەستی بە لێكۆڵینەوە لەسەر ئەو كەیسە كردووە تاكوو بۆی دەربكەوێت كە ئەو كەسانە كێن ئەو بڕە پارەیەیان لەو نووسینگەیە بردووە و رێوشوێنی یاسایی لەو كەیسە بەردەوامە".



لە پاش ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 ڕەوشی ئەمنیی کەرکووک ناجێگیرە و هێزە ئەمنییە عێراقییەکان توانای سەقامگیریی ئەمنیی ئەو پارێزگایەیان نییە و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ دیاردەی دزی، کوشتن و خەڵک ڕفاندن و هەڵکوتانە سەر ماڵان ڕوو لە زیادبوون دەکەن.







باسنیوز
Top