سەرۆک بارزانی و باڵیۆزی بەریتانیا تاوتوێی پەرەسەندنەکانی کوردستان و ناوچەکە دەکەن
سەرۆک بارزانی پێشوازیی لە شاندێکی دیپلۆماسیی بەریتانی کردووە و تاوتوێی پەرەسەندنەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە دەکەن.
بەپێی راگەیەندراوێکی بارەگای بارزانی، ، ئەمڕۆ چوارشەممە 17-7-2019، سەرۆک مەسعود بارزانی لەگەڵ جۆن ویلكس، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کۆ بووەتەوە.
لە دیدارێکدا، کە جێیمس سۆرنتۆن، کونسوڵی نوێی بەریتانیا لە هەولێر ئامادەی بوو، جۆن ویلكس ئەو گۆڕانکارییانەی لە پرۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستان روویان داوە بە ”ئیجابی“ ناوبردووە و رایگەیاندووە، بەریتانیا پاڵپشتیی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات.
هەروەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، سەرۆک بارزانی هیوای سەرکەوتنی بۆ کونسوڵی نوێی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان خواستووە و پەیوەندییەکانی هەولێر و لەندەنیشی بە ”گرنگ“ وەسف کردووە.
دەقی راگەیەندراوەکەی بارەگای بارزانی:
ڕۆژی چوارشەممە 17ـی 7ـی 2019 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە جۆن ویلكس باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق كرد.
لە دیدارەكەدا كە جێمس سۆرنتۆن كونسوڵی گشتیی نوێی بریتانیا لە هەولێریش ئامادە بوو، باڵیۆزی بریتانیا خۆشحاڵیی خۆی ڕاگەیاند بەو گۆڕانكارییە ئیجابییانەی كە لە پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان و هەروەها پێشڤەچوونی پەیوەندی و دانوساندنەكانی نێوان هەولێر و بەغدا ڕوویان داوە و بە مایەی ئومێدی وەسف كرد. باڵیۆزی بریتانیا پاڵپشتیی وڵاتەكەیشی بۆ حكوومەتی تازەی هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە. هەروەها ئاماژەیشی بە ویستی بریتانیا دا لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان و عێراق.
لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی پەیوەندی و هەماهەنگیی نێوان هەرێمی كوردستان و بریتانیا بە گرنگ وەسف كرد و هیوای خواست ئەو پەیوەندییانە بەرەو پێشەوە بچن و هیوای سەركەوتنیشی بۆ كونسوڵی گشتیی تازەی بریتانیا لە هەولێر خواست لە ئەرك و كاری نوێیدا.
بارودۆخی سیاسیی و دوا گۆڕانكارییەكان لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی و هەروەها تاوتوێكردنی هەڕەشەكانی تیرۆریستانی داعش و مەترسیی دووبارە دەركەوتنەوەیان تەوەری تری ئەو كۆبوونەوەیە بوون.
باسنیوز
