لە سلێمانی لەسەر دۆسیەی کوشتنی کەسێک چوار تۆمەتبار دەستگیر کران
ئەمڕۆ سێشەممە 16/7/2019، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی ڕاگەیاندراوێکی لە پەیجی فەرمیی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاو کردەوە، تێیدا ھاتووە: "ڕۆژی 12/7/2019، ھاووڵاتی (ت، م) لە گوندی گۆمەزەلی سەر بە شارەدێی (بنگرد) سەر بە شارۆچکەی دووکان بە فیشەک کوژرا، دەستبەجێ مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی دووکان لێکۆڵینەوەکانیان دەست پێ کرد و زانیاربی ورد لەسەر تۆمەتباران کۆ کرایەوە".
باس لەوەش کراوە: "دوێنێ دووشەممە 15/7/2019، تۆمەتبار (چ، ح، م) خۆی ڕادەستی بنکەی پۆلیسی ڕزگاری کرد، پاش ڕێکارە یاساییەکان تۆمەتبار ڕەوانەی بەشی پۆلیسی دووکان کرا و لەھەمان کاتدا لەلایەن بەشی پۆلیسی دووکانەوە بە ھاوکاریی پۆلیسی ڕانیە توانرا ھەرسێ تۆمەتبار (ج، م، ب) و (م، ب، پ) و (س، م، س) دەستگیر بکرێن.
پۆلیسی سلێمانی ئەوەشی خستووەتە ڕوو، لەکاتی پشکنینی ماڵی تۆمەتباراندا دەست بەسەر چوار کڵاشینکۆف، یەک ڕومانە، یەک تاپڕ، 11 مەخزەن و 300 فیشەکی کڵاشینکۆفدا گیرا.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ڕوونیش کراوەتەوە، ئێستا سەرجەم تۆمەتباران بەبریاری دادوەر و بەپێی ماددەی 406 لەیاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە، لەلایەن بەشی پۆلیسی دووکانەوە پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە".
باسنيوز
