لە ھەرێمی کوردستان سەرۆکی سێ دەستە ھەڵدەبژێردرێت

 لە ھەرێمی کوردستان سەرۆکی سێ دەستە ھەڵدەبژێردرێت
پەرلەمانتارێکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای دەکات، ماوەی یاسایی سەرۆکی سێ دەستە کۆتایی ھاتووە بڕیارە سەرۆکی دەستەکان و پەیکەربەندیی دەستەکانیش گۆڕانکاری تێدا بکرێت.

لە ساڵی ٢٠١٧وە، ماوەی یاسایی ھەر سێ سەرۆکی دەستەی دیوانی چاودێریی دارایی و دەستەی دەستپاکی و دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ کۆتایی ھاتووە و بۆ ئەم مەبەستەش نووسراویان بۆ پەرلەمان و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کردووە، بەڵام وەڵامیان نەدراوەتەوە.

لەمبارەیەوە زانا مەلا خالید، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە بارەی کۆتاییھاتنی ماوەی یاسایی و گۆڕینی سەرۆکی ئەو سێ دەستەیە، راگەیاند: ”ماوەی یاسایی سەرۆکی ھەر سێ دەستەکە کۆتایی ھاتووە، بڕیاریش وایە سەرۆکی ھەر سێ دەستەکە بگۆڕدرێن، جگە لە سەرۆکی سێ دەستەکە، گۆڕانکاری لە ھەیکەلیەی دەستەکان و کارکردنیان بکرێت“.

لە بارەی کاندیدی ئەو پۆستانە، پەرلەمانتارەکەی پارتی ڕوونی کردەوە: ”دیاریکردنی کاندید لە دەسەڵاتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە، لە ڕێککەوتنی لایەنە سیاسییەکان باسی ئەو پۆستانە نەکراوە“.

بەپێی یاسا، دوای دیاریکردنی کاندیدەکان، ناوەکانیان بۆ پەرلەمانی کوردستان دەنێردرێت و پەرلەمانیش بە ھەڵبژاردن یەکلاییان دەکاتەوە.








باسنیوز
Top