منداڵێكی ساوا لە شەقامێكی شاری سۆران دۆزرایەوە
بەپێی راگەیاندراوێكی نەخۆشخانەی لەدایكبوون و منداڵانی سۆران، ئەوە خراوەتە ڕوو: "بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 15-7-2019 منداڵێكی تازە لەدایكبوو كە تەمەنی هەفتەیەك دەبێت، لەسەر شەقامێكی نزیك بنكەی تەندروستیی (زۆزك) لە شارەدێی "دیانا"ی سەر بە شاری سۆران دۆزرایەوە، لەلایەن هێزەكانی پۆلیسەوە گەیاندرایە نەخۆشخانەكەمان، دوای پشكنینی چڕ لەلایەن پزیكشی پسپۆڕەوە، دەركەوت كە باری تەندروستیی جێگیرە، بەڵام ماوەیەكی زۆرە شیری پێویستی پێ نەدرابوو، بۆیە پێویستی بە چاودێریەكی تایبەت هەیە، تا بكەوێتەوە باری ئاسایی خۆی".
لەمبارەوە رائید سەعدوون نەبی هاودیانی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سۆران، رايگەیاند: "ئاگادار كراینەوە كە ئەمڕۆ دووشەممە 15-7-2019 منداڵێكی ساوا لە ڕەگەزی مێ لەسەر شەقامێكی نزیك بنكەی تەندروستیی "زۆزك" لە شاری سۆران دۆزراوەتەوە، بۆ پاراستنی گیانی گەیاندراوەتە نەخۆشخانەی لەدایكبوونی منداڵانی سۆران و لەژێر چاودێریی پزیشكی دایە".
گوتیشی: "دۆسیەی تایبەت بۆ ئەم منداڵە كراوەتەوە و لێكۆڵینەكانی پۆلیس بەردەوامە، بۆ ئەوەی بزانرێت ئەم منداڵە ساوایە چۆن لەوێ دانراوە، ئایا فڕێ دراوە یان كەسێك پێی بەخێو نەكراوە، یان هۆكارێكی دیكەیە، تا ئێستاش كەس خۆی لەم منداڵە نەكردووەتە خاوەن، لە داهاتوودا زانیاری زیاتر دەخەینە ڕوو".
باسنيوز
