هەڵوێستی حکوومەتی ھەرێم لەبارەی توندوتیژیی جێندەری بە ١٨ وڵاتی جیھان دەگەیەندرێت
نەقیب کارزان سابیر حەمەد، بەڕێوەبەری نووسینگەی منارە لە بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەتان و خێزانی لە ھەولێر، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، وەک نوێنەری حکوومەتی ھەرێم و بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەتان لە ھەرێمی کوردستان، بەشدارییان لە کۆڕبەندێکی تایبەت بە ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژیی جێندەری لە کۆریای باشوور کردووە، کە ١٨ وڵاتی جیھان تێیدا بەشدار بوون.
بە وتەی نەقیب کارزان، لەو کۆڕبەندەدا کە وەک نوێنەری وڵاتێک پێشوازی لە نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کراوە، وتارێکیان پێشکەش کردووە و تێیدا پەیام و بەرنامەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیان سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی جێندەری بۆ ئامادەبووان خستووەتە ڕوو.
دەشڵێت: ”پاش کۆڕبەندەکە، خولێکی تایبەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی جێندەری و نەھێشتنی توندوتیژیی دژی ئافرەتان و خێزان بەڕێوەچووە و بڕوانامەی نێودەوڵەتی بە بەشداربووان بەخشراوە“.
باسنيوز
