بڵند ئیسماعیل: پارتی لەنێو حزب و حکوومەتدا دەستی بە ئاڵوگۆڕ کردووە
بڵند ئیسماعیل، بەرپرسی لقی ١٦ی پارتی، ڕاگەیاند: "جگە لە پۆستی وەزارەتەکان ژمارەیەکی زۆر پۆستی دیکەش لە کابینەی نوێدا پشکی پارتی دیموکراتی کوردستانن، وەک بەڕێوەبەر و بەڕێوەبەری گشتی و ڕاوێژکار و بریکاری وەزارەتەکان. لەبەر ئەوەش، لەگەڵ دانانی ھەر بەرپرسێکی نوێ لە پشکی پارتی ئەوە حزب کەسێکی شایستە و لێھاتوو کاندید دەکات بۆ ئەوەی ئەو پۆستە وەربگرێت و لە زۆر پۆستی حکوومەتدا ئاڵوگۆڕ دەکرێت."
بەرپرسەکەی پارتی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "پڕکردنەوەی پۆستەکان بە کاتژمێر و چەند ڕۆژێک بەڕێوە ناچێت، بەپێچەوانەوە، دیراسەتی وردی پێشوەختەی بۆ دەکرێت، لە ھەرشونێک بۆشایی پەیدا بێت کەسێک پڕی دەکاتەوە بۆ ئەوەی کاروباری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان وەک خۆی بەڕێوە بچێت و کاروباری ھاووڵاتییان ڕانەگیرێت."
دەربارەی ئەو بەرپرس و کادیرانەی پارتی کە دەچنە نێو حکوومەتەوە، بڵند ئیسماعیل گوتی: "ھەر کادیر و بەرپرسێکی پارتی بچێتە نێو حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە لەنێو حزبدا شوێنەکەی پڕ دەکرێتەوە و کادیرانی دیکەی حزب لە شوێنیان دادەنرێن."
kdp -
