لێژنەیەك بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی دانانی پارێزگار لەگەڵ پێكهاتەكانی كەركووك دروست دەكرێت
فواد حوسێن، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك ڕايگەیاند: "ئەو ڕێككەوتنەی لەسەر پارێزگاری كەركووك كراوە تەنیا لە ئاستی هەردوو مەكتەب سیاسییە و هێشتا ئاراستەی ئەنجومەنی پارێزگار نەكراوە، ئێمە چاوەڕێین تا بابەتەكە دێتە ئەنجومەن بۆ ئەوەی بزانین ئالیەتەكە چۆنە".
هاوكات جەختی كردەوە: "كاتی خۆی گوتوومانە ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك زۆر گرنگە و پارێزگار بەبێ ئاساییكردنەوەی دۆخەكە زۆر سەختە كە شار بەڕێوە بیات، لەبەر ئەوەی دەیان پۆست بگۆڕدرێن و شارەكە لەژێر عورفی سەربازیدا بمێنێتەوە و پارێزگار هەبێت و سوودی نابێ لەوانەیە كێشەی زیاتریشی بۆ دروست ببێت".
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك، ئەوەشی خستە ڕوو: "ئێستا هەوڵ بۆ پێكهێنانی لێژنەیەك هەیە كە لەوانەیە دوو ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووكیشی تێدا بیت، بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەگەڵ پێكهاتەكانی شارەكە بكرێت، لەبەر ئەوەی پارێزگار بۆ هەموو پێكهاتەكانە نەنیا پارتی و یەكێتی، بۆیە دەبێ ڕەزامەندیی ئەوانیش وەربگیرێت و گوتیشی: "ئێمە وەك ئەنجومەنی پارێزگار لەڕووی یاساییەوە دەسەڵاتی ئەوەمان هەیە بتوانین ڕێژەی یاسایی تەواو بكەین و بابەتەكە تێپەڕێنین، بەڵام دەبێ ڕەزامەندیی نەتەوەكانی دیكەش لەبەرچاو بگرین، بۆ ئەوەی سبەی لەمپەر بۆ پارێزگار دروست نەكەن".
ڕوونیشی كردەوە: "ئەگەر بڕیار لەسەر كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك بدرێت، ئەوا بۆ شوێنی كۆبوونەوەكە گەڕانەوە بۆ كەركووك بە ئاسایی نابینم و ئاسان نییە".
باسنيوز
