بەھۆی تۆپبارانکردنی سیدەکان لە لایەن ئێران-ەوە سێ منداڵ بوونە قوربانی
لەمبارەوە ئیحسان چەلەبی، بەڕێوەبەری شارەدێی سیدەکان ڕاگەیاند: کاتژمێر ١٢:١٠ خولەکی ئەمڕۆ چوارشەممە، تۆپخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، گوندێکی سنووری سیدەکانیان تۆپباران کرد و بەھۆیەوە منداڵێک شەھید بووە و دوو منداڵی دیکەش بریندار بوون.
ئاماژەی بەوەش کرد: تۆپبارانەکەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە گوندەکانی (تەلان، داسنیان و دێرێ) لە کوێستانەکانی بەربزین ڕووی داوە و یەکێک لە تۆپەکان لە بنەماڵەیەکی داوە و لەو ڕووداوەشدا زەیتوون قادر کە تەمەنی ١٨ ساڵە شەھید بووە و سیروان قادری تەمەن ٢١ ساڵ و ئیسماعیل قادری تەمەن ١٤ ساڵیش بە سەختی بریندار بوون.
بەڕێوەبەری شارەدێی سیدەکان ئاشکرای کرد کە ھێشتا تۆپبارانەکە بەردەوامە و ھۆکارەکەی بۆ بوونی بنکە و بارەگاکانی حزبی دیموکرات لەو ناوچەیە دەگەڕێتەوە، ڕوونیشی کردەوە کە جگە لە زیانە گیانییەکان، زیانێکی زۆر بە ڕەز و باخ و سرووشتی ناوچەکە گەیشتووە.
basnews
