پۆلیسی سلێمانی: تەقەکەرەکەی شەوی ڕابردوو دەستگیر کرا
ئەمڕۆ چوارشەممە 10/7/2019، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی ڕاگەیاندراوێکی لە پەیجی فەرمیی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاو کردەوە، تێیدا ھاتووە: "کاتژمێر 11 و 45 خولەکی شەوی ڕابردوو 9/7/2019، تۆمەتبار (ڕ، ح، م) لەبەردەم خواردنگەیەک زیاتر لە 12 فیشەکی تەقاند و ھەڵات".
باس لەوەش کراوە: "دوای ئاگادارکردنەوەی ھێزەکانی پۆلیس و کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر شوێنی تۆمەتبار، توانرا لە ماوەی کەمتر لە نیو کاتژمێر لەلایەن مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی سەراوە تۆمەتبارەکە دەستگیر بکرێت و دەستیش بگیرێت بەسەر دەمانچە و ئۆتۆمبێلی تۆمەتباردا".
پۆلیسی سلێمانی ئەوەشی خستووەتە ڕوو، ئێستا تۆمەتبارەکە بە فەرمانی دادوەر ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.
باسنيوز
