مەسرور بارزانی کارنامەی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات

مەسرور بارزانی کارنامەی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرنامەی کاری کابینەکەی ئاشکرا دەکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە 10-7-2019، پەرلەمانی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا، متمانەی بە مەسرور بارزانی وەک سەرۆکی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیرانی کابینەکەی بەخشی.

دوای متمانە بەخشین پێی، مەسرور بارزانی وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا بەرنامەی کاری کابینەکەی ئاشکرا کرد.

دەقی بەرنامەی کاری حکوومەت لە قۆناغی داهاتوو:

هێڵە گشتییەکانی کارکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

- لە ئاستی چاکسازیدا:

١- کار بۆ چاکسازی دەکەین لە کەرتی وەزیفەی گشتی

٢- کار دەکەین بۆ نەهێشتنی رۆتین و خێراکردنی ڕاپەڕاندنی ئیشوکاری هاووڵاتییان.هەرچی زووترە پەرە بە خزمەتگوزارییە ئەلیکترۆنییەکان دەدەین.

٣- نابێ بەرپرسانی حکوومەت پێگەی خۆیان بۆ کاری بازرگانی بەکار بهێنن و نابێ کاری بازرگانی و بەڵێندەرایەتی و وەبەرهێنان بکەن.

٤- ئەنجامدانی ئیفاد بەپێی پێویست دەبێت و ڕێگە لە بەهەدەردانی سامانی گشتی لەم بوارە دەگرین.

٥- ڕێگە دەگرین لە بەهەدەردانی سامانی گشتی و زیادەڕۆییکردن بۆ سەر موڵکی گشتی.

٦- کار دەکەین بۆ چەسپاندنی شەفافیەت لە گشت بوارە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بەتایبەتیش بواری داهاتە نەوتییەکان و کار بۆ دانانی سندووقی داهاتە نەوتییەکان دەکەین.

٧- چاکسازی لە کەرتی تەندرووستی و خۆراک و دەرمان دەکەین و ڕێگەی یاسایی دەگرینە بەر بۆ ئەم مەبەستە.

٨- چاکسازی لە سیستەمی باج دەکەین و دەبێت دادپەروەری لە وەرگرتنی باج جێگیر ببێت و ڕێگە دەگرینە بەر لە خۆدزینەوە لە باج.

٩- کار بۆ رێگەگرتن لە قۆرخکاری دەکەین.

١٠- پشتیوانی کاری چاودێریی پەرلەمان دەکەین و پابەند دەبین بە هەموو ڕێکارەکانی چاودێری لە پەرلەمان و ڕێز لە ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی دەگرین.

١١- سندووقی خانەنشینی بەپێی یاسای پەیوەندیدار لە هەرێمی کوردستان دادەنێین تاوەکوو گەرەنتیی مووچەی خانەنشینان بکات.

١٢- بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان پێداچوونەوە بە ڕێکخستنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکەین و هەوڵ دەدەین ئەم هێزانە لە ستانداردە سەربازییەکان نزیک بکەینەوە.

١٣- کار دەکەین بۆ سەروەریی یاسا و نابێت کەس لە کوردستاندا لە سەرەوەی یاسا بێت، کەس ڕێگەی پێ نادرێت بەهۆی پێگەی حزبی و سیاسی لە یاسا رابکات.

- لە ئاست خزمەتگوزارییەکاندا:

١- کار بۆ باشترکردنی کەرتی تەندرووستی دەکەین و هەوڵی دانانی سیستەمی بیمەی تەندرووستی دەدەین.

٢- کار دەکەین بۆ چارەسەرییەکی بنەڕەتی بۆ کێشەی کارەبا لە زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنان و کار دەکەین بۆ رێکخستنەوەیەکی گونجاوی نرخی کارەبا

٣- کار دەکەین بۆ ڕیکخستنەوە و پێشخستنی کەرتی پەروەردە و پێداچوونەوە بە سیستەمی پەروەردە.

٤- کار دەکەین بۆ سوودوەرگرتن لە سەرچاوە ئاوییەکانی سەر زەویی هەرێمی کوردستان و گەیاندنی بە هەموو ناوچەکان تا بکرێت ئاوی ژێر زەوی بە هەدەر نەدرێت.

٥- کار دەکەین بۆ پێشخستنی ڕێگەوبانی هەرێم و ڕاکێشانی وەبەرهێنەرانی بیانی لەم بوارە.

٦- کار دەکەین بۆ فراوانکردنی وەبەرهێنان لە بوارە جیاجیاکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار تا دەرفەتی کار زیاتر بکرێت.

٧- کار بۆ ڕێکخستنەوەی دۆخی کرێکاران

٨- کار دەکەین بۆ پێداچوونەوە بە لیستەکانی زیندانییانی سیاسی و ئەو ناوانەی بە نایاسایی زیاد کراون.

٩- گرنگییەکی تایبەت بە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دەدەین.

١٠- کار دەکەین بۆ بەکارخستنی سیستەمێکی پێشکەوتووی ریسایکلین و دوورخستنەوەی مەترسییە ژینگەییەکان.

١١- لەسەر شێوازێکی دادپەروەرانە کار بۆ ئاوەدانکردنەوەی گوند و ناحیەکان دەکەین.

١٢- گرنگیی تایبەت بە فراوانکردنی پانتایی کاری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەدەین.

١٣- کار بۆ گرنگیدان بە خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەکەین لە ڕێگەی بەرزکردنەوەی لایەنی جۆریی زانکۆکان و کار بۆ ڕێکخستنەوەی کاری زانکۆ و پەیمانگا ئەهلییەکان لە ڕووی کوالێتی و نرخیان دەکەین.

١٤- کار بۆ فەراهەمکردنی خزمەتگوزارییە ئەلیکترۆنییەکان لە ئەرکە لەپێشینەکانمان دەبێت و لەم ڕووەوە ڕێگە لە ڕۆتین دەگیرێت.

١٥- گەنجانمان سەرمایەیەکی نیشتمانیی گەورەن و لە هەموو وەزارەتەکان کار بۆ بەکارخستن و ئاراستەکردنی تواناکانیان بۆ بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی تەندرووست دەکەین.

١٦- شوێنەوارەکانمان بەشێکن لە مێژووی نەتەوە و کۆمەڵگەکەمان و کار بۆ پاراستنینان دەکەین و هەوڵی گەشەپێدانیان دەکەین.

- لە ئاستی پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا

١- دەستەی دانوستان بۆ دانوستاندن لەگەڵ بەغدا بۆ بەدەستهێنانی مافە دەستوورییەکانی گەلەکەمان پێک دێنین.

٢- دەستوور بنچینەی دانوستانەکان دەبێت و ماددەی ١٤٠ و سەرجەم مافە دەستوورییەکانی هاووڵاتییانی هەرێم لە نزیکترین کاتدا بابەتی گفتوگۆمان دەبێت لەگەڵ حکوومەتی عێراق.

٣- هەوڵەکانمان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان دەستی پێکردووە و جەخت دەکەینەوە کە هەرچی زووە دۆخی ئەو ناوچانە ئاسایی بکرێتەوە و بگەڕێندرێتەوە بۆ پێش ١٠ی ٦ی ٢٠١٤.

٤- هەڕەشەی تیرۆر هێشتا جددییە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشانەیە و ئامادەیە لەم چوارچێوەیەدا هاوکاریی هێزەکانی عێراق بکات لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.

٥- کار بۆ بەدەستهێنان و بەهێزکردنی مافەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە چوارچێوەی هێزی بەرگریی عێراق دەکەین.

٦- هەوڵ دەدەین یاسای نەوت و غاز لە لایەن پەرلەمانی عێراق دەربچێت.

٧- جەخت لە ڕەچاوکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە دامەزراوەکانی عێراق بە گشتی و وەزارەتەکانی دەرەوە و نەوت بەتایبەتی دەکەینەوە.

٨- جەخت لەسەر پرەنسیپەکانی تەوازون و تە

٩- جەخت لەسەر دەرکردنی یاسای دادگای فیدرالیی عێراق دەکەینەوە

- لە ئاستی ئازادییە گشتییەکاندا

١- جەخت لە پێکەوەژیانی سەرجەم پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان دەکەینەوە و ئەو تایبەتمەندییەی هەرێم بەهێزتر دەکەین.

٢- پێداگری لەسەر ئازادی دەکەینەوە و دژی هەموو دەمارگیرییەک دەوەستینەوە.

٣- دژی هەر جیاکارییەکی رەگەزی دەوەستینەوە و پێویستە ئافرەتان بەشدارێکی کارای سەرجەم بوارەکانی کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستان بن.

٤- هاووڵاتییان ئازادن لە چوارچێوەی ژیانی سیاسیی کوردستاندا بیروباوەڕی سیاسیی خۆیان هەبێت و نابێت لە هەرێمی کوردستاندا هیچ کەسێک لەسەر بیروڕای سیاسی سزا بدرێت.

- پەیوەندیی هەرێمی کوردستان و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان

١- فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە سەر بنەمای بارودۆخی نوێ ڕێک دەخرێتەوە

٢- پشتگیریی چارەسەری ئاشتییانەی گشت کێشەکانی ناوچەکە دەکەین و پێگەی کوردستان بە ئاراستەیەک بەکار دێنین کە بەشێک بن لە ڕەوتی چارەسەری.

٣- حکوومەتی هەرێم هەوڵی بەهێزکردنی نوێنەرایەتییەکانی و زیادکردنی بەپێی پێویست دەکات.

- لەئاستی ئابووری و دارایی

١- کار دەکەین کە ئابووریی هەرێم فرە ڕەنگ و فرە سەرچاوە بێت.

٢- کشتوکاڵ بوارێکی سەرەکیی گرنگیدانمان دەبێت و کار بۆ پێشخستنی ئەم کەرتە دەکەین.

٣- کار دەکەین بۆ ڕیکخستنەوەی سیستەمی بانکی لە هەرێمی کوردستان.

٤- کار دەکەین بۆ داڕشتنەوە و هەموارکردنەوەی یاسای وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان.

- لە ئاستی کارگێڕی

١- کار دەکەین بۆ لامەرکەزیەتی پارێزگاکان لە هەرێمی کوردستان.

٢- کاری جددی دەکەین بۆ تەرشیقی هەیکەلیەتی دامەزراوەکانی حکوومەت لە خوارەوە بۆ سەرەوە.










باسنيوز
Top