مەسرور بارزانی: خواستی من ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاکسازییە

 مەسرور بارزانی: خواستی من ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاکسازییە
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرنامەی کاری کابینەکەی ئاشکرا دەکات و رایدەگەیەنێت، کە خواستی ئەو ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاکسازییە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 10-7-2019، پەرلەمانی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا، متمانەی بە مەسرور بارزانی وەک سەرۆکی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیرانی کابینەکەی بەخشی.

لە وتارێکدا، کە دوای متمانە پێ بەخشینی لە پەرلەمان پێشکەشی کرد، مەسرور بارزانی رایگەیاند، هیچ وەزارەت و وەزیرێک ناتوانێ و ڕێگەی پێ نادرێت لە دەرەوەی بەرنامەی حکوومەت رەفتار بکات.

دەقی وتارەکە:

خواستی یەکەمی هاووڵاتییان ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵییە و خواستی منیش ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاکسازییە.

لە تواناماندایە بە هاوکاریی دامەزراوەکان ئەم دیاردەیە بەرتەسک و بچووک بکەینەوە.

ئەو وەزیرە بەڕێزانە بوون بە وەزیری حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لەمەولا ئەجێندای حکوومەت جێبەجێ دەکەن.

هیچ وەزارەت و وەزیرێک ناتوانێت و ڕێگەی پێ نادرێت لە دەرەوەی بەرنامەی حکوومەت رەفتار بکات.

وەزیرە بەڕێزەکان سەر بە هەر لایەنێک بن، دەبێ بەرژەوەندیی خەڵک پێش بخات

حکوومەتێکمان وەرگرتووە کە چەندین ملیار دۆلار قەرزارە و دەبێت خەڵک و حکوومەتی عێراقیش بزانن کە بەشێکی زۆری ئەم قەرزە دەکەوێتە ئەستۆی حکوومەتی عێراق، ئەویش بەهۆی نەناردنی بودجەی هەرێمی کوردستان.

ئەم ڕەوشە حکوومەتمان تووشی ڕەوشێکی سەختی ئابووری دەکاتەوە.

عادل عەبدولمەهدی بە کردەوە نیازپاکیی خۆی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان نیشان داوە، دەبێ هەردوولامان سوود لەم دەرفەتە وەربگرین و بەپێی دەستوور کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بکەین.

بۆ دەرخستنی نیازپاکیشمان، دوای جێگیربوونی کابینەی نوێ، سەردانی بەغدا دەکەین و هاوکاری ئەو هێز و لایەنانە دەبین کە خواستیانە هەرێمی کوردستان پێش بخەن.

داوای پشتگیری لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەکەم تاوەکوو بتوانین هەرێمی کوردستان پێش بخەین.

بەرپرسیار دەبین لە خەباتێکی سەردەمیانە تا گەیشتن بەو قۆناغەی کە ئاواتی شەهیدەکانمان و پێشمەرگە قارەمانەکان و هاووڵاتییانی کوردستان بووە.











باسنیوز
Top