شاخەوان عەبدوڵڵا: پارتی و یەكێتی یه‌ك ھەڵوێستیان ھەیه‌ لەباره‌ی ئاسایی كردنه‌وه‌ی كه‌ركووك

شاخەوان عەبدوڵڵا: پارتی و یەكێتی یه‌ك ھەڵوێستیان ھەیه‌ لەباره‌ی ئاسایی كردنه‌وه‌ی كه‌ركووك
ئەندامێكی لیژنەی ئاساییكردنەوەی رەوشی كەركووك ده‌ڵێت، پارتی بە راشكاوانە ئەو پەیامەی گەیاندووە ئەگەر تا كاتی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق رەوشی كەركووك ئاسایی نەكرێتەوە، رێگە نادەن ھەڵبژاردن لەو پارێزگایە ئەنجام بدرێت و دەڵێ، تا ئەوكات گۆڕانكاری لە رەوشی كەركووكدا دەكرێت.

شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەندامی لیژنەی دانوستانكاری ئاساییكردنەوەی رەوشی كەركووك، راگەیاند: "دوای رێككەوتن لەسەر پرسی پارێزگاری كەركووك، كار بۆ ئاساییكردنەوەی رەوشی كەركووك دەكرێت و بە ئاشكراش ئەوەمان راگەیاندووە، كە پێویستە بەر لە ئەنجامدانی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق، رەوشی ئەمنی و ئیداریی كەركووك ئاسایی بكرێتەوە، چونكە ئەگەر رەوشی كەركووك وەك ئێستا بێت، نە بۆ ھەڵبژاردن گونجاوە و نە رێگەش دەدەین ھەڵبژاردن لە كەركووك ئەنجام بدرێت".

ئەندامەكەی لیژنەی ئاساییكردنەوەی رەوشی كەركووك گوتیشی: "لە كۆبوونەوەكاندا ئێمە و برادەرانی یەكێتی ھەمان ھەڵوێستمان ھەبووە لەسەر ئەو پرسە، ھیواداریشین بەر لە بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن رەوشەكە ئاسایی بكرێتەوە، بە پێچەوانەوە رێگە نادەین ھەڵبژاردن لە كەركووك بەڕێوە بچێت".

لەبارەی ئەوەی ئەگەر رەوشەكە ئاسایی نەكرێتەوە تا ئەوكات، شاخەوان عەبدوڵڵا ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "ئێمە تەنھا بایكۆت بە چارەسەر نازانین، ئەگەر دڵنیا بین ھەوڵە دیپلۆماسییەكان بۆ ئاساییكردنەوەی رەوشی كەركووك سەرناگرن، رێگەی دیكە دەگرینە بەر، كە ھیوادارین نەگاتە ئەو ئاستە، پێشبینیش دەكەین بە ھەر شێوەیەك بێت تا كاتی ھەڵبژاردن رەوشی كەركووك وەك ئێستا نامێنێت و گۆڕانكاری بەسەردا دێت".
Top