ئاسایش و باشبوونی باری دارایی كوردستان وای لە كۆمپانیا بیانییەكان کردووە روو لە كوردستان بكەنەوە
بەرپرسێكی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی دەڵێت: لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا بەراود بە ساڵی رابردوو، تۆماركردنی كۆمپانیاكان زۆر زیادی كردووە.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تۆماری كۆمپانیاكان، تاوەكو كۆتایی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ 3.252 كۆمپانیای بیانی لە هەرێمی كوردستان تۆماركراون.
بەپێی داتاكان، ئەو كۆمپانیایانەی لە هەرێمی كوردستان تۆماركراون سەر بە 84 وڵاتن و توركیا بە تۆماركردنی 1.421 كۆمپانیا بە پلەی یەكەم دێت، ئێران بە 362 كۆمپانیا، ئیمارات بە 181 كۆمپانیا، لوبنان بە 178 كۆمپانیا، بەریتانیا بە 156 كۆمپانیا، ئەمەریكا بە 141 كۆمپانیا، ئوردن بە 109 كۆمپانیا، ئەڵمانیا بە87 كۆمپانیا، ئیتالیا بە 63 كۆمپانیا و رۆمانیا بە تۆماركردنی 42 كۆمپانیا لە پلەی دووەم تا دەیەم دێن.
بەپێی داتاكان، 2011 ساڵی زێڕینی تۆماری كۆمپانیا بیانییەكان بووە، لەو ساڵەدا 478 كۆمپانیای بیانی دامەزراون، بەڵام بەهۆی شەڕی داعش و قەیرانی دارایی، پاشەكشەیەكی گەورە لە تۆماری كۆمپانیا بیانییەكان بینرا، بەجۆرێك لە ساڵی 2017 تەنیا 22 كۆمپانیای بیانی تۆماركران.
لە دوو ساڵ و شەش مانگی رابردووشدا بەهۆی لەناوبردنی داعش و باشبوونی باری ئابووری جارێكی دیكە كۆمپانیا بیانییەكان روویان لە هەرێمی كوردستان كردووەتەوە، بە جۆرێك لە ساڵی 2018دا 34 كۆمپانیای بیانی تۆماركراون، لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵیشدا 33 كۆمپانیا تۆماركراون.
لەو 33 كۆمپانیا بیانییەی ئەمساڵ تۆماركراون 7 یان توركین، 6یان سەنگاپووری، 4 كۆمپانیای بەریتانی، 3 كۆمپانیای ئەمەریكی، 3 كۆمپانیای كەنەدی، 2 كۆمپانیای ئیماراتی و 6 كۆمپانیاكەی دیكەش كۆمپانیای ئێرانی، ئیسپانی، ئیتاڵی، میسری، سعودی و ئوردنین .
ئاراس شێخ رەئووف، بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری كۆمپانیاكان بە وەكالەت لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی دەڵێت: سەقامگیریی باری ئاسایش و باشبوونی باری دارایی هەرێمی كوردستان و ئاسانكاری و نەهێشتنی رۆتین لە تۆماركردنی كۆمپانیا، هۆكاری زیادبوون و گەڕانەوەی كۆمپانیا بیانییەكانە بۆ هەرێمی كوردستان.
لە داتای دوو ساڵ و شەش مانگی رابردووی تۆماری كۆمپانیاكاندا دەردەكەوێت ، بەراورد بە ساڵانی پێشتر جۆرێك لەپاشەكشێ لە تۆماری كۆمپانیا توركی و ئێرانییەكاندا لە هەرێمی كوردستان روویداوە، لە بەرامبەریشدا تۆماركردنی كۆمپانیای بەریتانی، ئەمەریكی، ئیماراتی و سەنگاپووری بەدی دەكرێت. بۆ نموونە لە ساڵی 2015 و 2016دا 52 كۆمپانیای توركی و 16 كۆمپانیای ئێرانی لەكوردستان تۆماركراون، بەڵام لە دوو ساڵی رابردوودا تەنیا 13 كۆمپانیای توركی و 5 كۆمپانیای ئێرانی تۆماركراون، واتە تۆماری كۆمپانیای توركی لە دوو ساڵی رابردوودا بەراورد بە دوو ساڵی پێشتر بەڕێژەی 25% و ئێرانی بەڕێژەی 31% كەمی كردووە. لە بەرامبەریشدا 10 كۆمپانیای بەریتانی، 8 كۆمپانیای ئیماراتی، 7 كۆمپانیای ئەمەریكی دامەزراون.
ئاراس رەئووف دەڵێت: هاتنە پێشەوەی كۆمپانیا ئەمەریكی و بەریتانی و ئیماراتییەكان بۆ پڕكردنەوەی پێویستییەكانی هەرێمی كوردستانە، چونكە ئەم كۆمپانیایانە زیاتر لە بواری نەوت و دەرمان و وەبەرهێنانی دارایی و بانك و راوێژكاریی ئەندازیاری و بازرگانیی گشتی كار دەكەن.
پاشەكشێی كۆمپانیا توركییەكانیش لەوانەیە بەهۆی جۆرێك لە تێربوونی كۆمپانیاكان بێت، چونكە لە هەموو سێكتەرەكان كاردەكەن و نزیكەی 44%ی كۆمپانیا بیانییەكان توركین.
پشكی شێری كۆمپانیا بیانییەكان بەر پارێزگای هەولێر كەوتووە، بەجۆرێك لە كۆی 3,252 كۆمپانیای تۆماركراو 2,371 كۆمپانیایان لە هەولێر تۆماركراون كە دەكاتە نزیكەی 73%ی كۆی كۆمپانیا تۆماركراوە بیانییەكان.
تەنانەت لە دوو ساڵ و شەش مانگی رابردوودا لەكۆی 89 كۆمپانیای بیانی تۆماركراو، 82 كۆمپانیایان لە هەولێر تۆماركراون.
پشتیوان وەرتی، بەڕێوەبەری تۆماری كۆمپانیاكانی هەولێر، دەڵێت: سەقامگیریی ئاسایش و باشبوونی باری دارایی هەرێمی كوردستان، كەمكردنەوەی رۆتین لە تۆماركردنی كۆمپانیاكان هۆكار بوون لەوەی جارێكی دیكە كۆمپانیا بیانییەكان روو لە هەرێمی كوردستان بكەنەوە. بۆ نموونە ساڵی رابردوو 28 كۆمیانیای بیانی لقیان لە هەولێر تۆمار كردووە، بەڵام لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا 33 كۆمپانیا لقیان تۆمار كردووە، واتە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵ دوو بەرامبەری ساڵی رابردوو كۆمپانیای بیانی لە هەولێر تۆمار كراون.
پشتوان وەرتی پێیوایە زیادبوونی ژمارەی كۆمپانیا بیانییەكان جۆرێك لە گەشبینی وڵاتان دەگەیەنێت بەداهاتووی ئابووریی هەرێمی كوردستان، هەفتەی رابردوو وەفدێكی ژووری بازرگانیی ئەمەریكی لەگەڵ چەند كۆمپانیایەك هاتنە هەرێمی كوردستان و چەندین یاداشتێكی لێكتێگەیشتنیان لەگەڵ حكومەت و ژوورە بازرگانییەكانی هەرێمی واژوو كرد بۆ ئەوەی لە داهاتوودا هانی كۆمپانیاكانیان بدەن بێنە كوردستان و سەرمایەگوزاری بكەن.
بەپێی ئاماری فەرمانگەی لێكۆڵینەوە و زانیاری لە دەستەی وەبەرهێنان، لەئابی 2018 تاوەكو كۆتایی حوزەیرانی 2019 دەستەی وەبەرهێنان مۆڵەتی بە 863 پرۆژە بە سەرمایەی نزیكەی 51 ملیار دۆلار داوە.
كۆمپانیاكانی 15 وڵات تەنیا بە 43 پرۆژە بە سەرمایەی نزیكەی 6 ملیار و 26 ملیۆن دۆلار بەشدارییان لە پرۆژەكانی وەبەرهێناندا كردووە.
لە داتاكاندا دەردەكەوێت لەڕووی ژمارەی پرۆژەوە كۆمپانیا توركی و لوبنانییەكان زۆرترین پرۆژەیان وەرگرتووە، بەڵام لەڕووی سەرمایەوە كۆمپانیا ئیماراتییەكان لە كەمترین پرۆژە زۆرترین سەرمایەگوزارییان كردووە، بۆ نموونە توركیا بە سەرمایەی ملیارێك و 237 ملیۆن دۆلار كار لە 15 پرۆژەدا دەكات، بەڵام ئیمارات تەنیا لە سێ پرۆژەدا 3 ملیار و 314 ملیۆن دۆلار سەرمایەگوزاری كردووە.
ئاراس شێخ رەئووف دەڵێت: بۆ ئەوەی سەرنجی كۆمپانیا بیانییەكان رابكێشین و وەبەرهێنان زیاتر لە كەرتی پیشەسازی و كشتوكاڵی و گەشتیاریدا بكەن، دەبێت ئیمتیازات بە كۆمپانیاكان بدەین و و سیستەمی بانكی كارا بێت و ناوچەی پیشەسازی باشت هەبێ و یاسای پاراستنی بەرهەم و بەكاربەر كارابێت، هەروەها یاساكانی وەبەرهێنان و گەشەپێدانی پیشەسازی هەموار بكەینەوە و بیگونجێنین لەگەڵ سەردەمی ئێستا.
rudaw
