ئاڵتی برماغ: سەرۆك بارزانی وەك مەرجەع مافی پێكهاتەكانی داوە.. ئاڕاستەیەكی باش هەیە

 ئاڵتی برماغ: سەرۆك بارزانی وەك مەرجەع مافی پێكهاتەكانی داوە.. ئاڕاستەیەكی باش هەیە
سەرۆكی پارتی بزووتنەوەی دیموكراتی توركمان ئاماژە بەوە دەكات، كە پێكهاتەكانی كوردستان لە كابینەی نوێی حكوومەتدا رۆڵی بەهێزیان دەبێت و پشتیوانیی سەركەوتنی كاندیدی راسپێردراوی حكوومەت دەكەن.

كەرخی ئاڵتی برماغ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "كابینەی ئەم جارەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كابینەیەكی بەرفراوان دەبێت و چەندین لایەن لە خۆ دەگرێت، كە ئەمە زۆر باشە سەبارەت بە پێكهاتەكانی كوردستان و بەشدارییان لە كابینەی حكوومەت، هێزێكی كاراتر و بەهێزتر لە جاران دەبەخشێتە كابینەی حكوومەت و ئەم شێوە بیركردنەوە و بەشداریپێكردنە بۆچوونی جیهانی دەرەوەشی گۆڕیوە و ئاڕاستەیەكی باش لەسەر هەرێمی كوردستان هەیە".

برماغ گوتیشی: "وەك توركمان پاكێجێكمان داوەتە كابینەی راسپێردراو كە داوای چەند پۆستێكمان كردووە بۆ نەتەوەی توركمان لە سەرۆكایەتیی هەرێمەوە بۆ سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، چونكە ئێمە خۆمان بە خەمخۆری كوردستان و دەسكەوتەكانی كوردستان دەزانین، جگە لەوەی سەرۆك بارزانی وەك مەرجەعیەت مافی پێكهاتەكانی داوە و پشتیوانیی پێكهاتەكانی كردووە، كاتی خۆیشی بارزانیی نەمر بە هەمان ئاڕاستە هەموو پێكهاتەكانی بەشداری پێكرد لە شۆڕش و دەسكەوتەكانی گەلی كوردستاندا".

دەشڵێ: "كاك مەسروور بارزانی سەركەوتی باش بەدەست دەهێنێت، چونكە ئەوەی هەست دەكرێت پشتیوانیی گەورەی جەماوەری و سیاسی و نێودەوڵەتیی هەیە و ئێمەش پشتگیریی دەكەین، بۆیە پێمان وایە دەتوانێت سەركەوتوو بێت و ئەوەش گرنگە كابینەی حكوومەت، بایەخی زیاتر بە سێكتەری پەروەردە و ئاسایش و ئابووری بدات".

kdp-
Top