بەرپرسێکی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی: هەوڵێک لە دژی ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆنی هەڵبژاردن هەیە

بەرپرسێکی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی: هەوڵێک لە دژی ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆنی هەڵبژاردن هەیە
بەرپرسێکی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد کە لایەنێکی سیاسیی کوردی لە بەغداوە هەوڵێک لە دژی نووسینگەی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق دەدات.

کاوە گەردی، کارگێری دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان رايگەیاند: ”ماوەیەکە کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بە بیانووی جۆراوجۆر، دەستیکردووە بە گۆڕینی بەڕێوەبەری بەشەکانی ئۆفیسی ھەولێری کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق و لە سەرووی هەمووشیان گۆڕینی بەڕێوەبەری ئۆفیسی ھەولێری کۆمیسیۆنەکەیە“.

ڕوونیشی کردەوە، گۆڕینی بەرپرسی ئۆفیسی ھەولێر و ژمارەیەک بەرپرسی بەشەکان، ھۆکارێکی سیاسییە و لە بەغداوە چەند کۆمیسیارێکی لایەنێکی سیاسیی کوردی ئەم ھەوڵەیان دەستپێکردووە و ھۆکارەکەش سیاسییە. بۆیە ھۆشداری دا و داوای کرد ڕێگری لەم هەوڵە بکرێت. گوتیشی: ”لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە پارتی لە کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان دوورخراوەتەوە و چەند لایەنێکی سیاسیی کوردی ئەمەیان بە ھەل زانیوە و دەستیان بەم رێکارە کردووە. ئێستاش سووتاندنی کۆگاکەی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانیان کردووەتە بیانوو بۆ ئەم مەرامە سیاسییەیان“.

جگە لە بەڕێوەبەری ئۆفیسی ھەولێر، ژمارەیەک بەرپرسی بەشەکان و ھۆبەکان کە لە پشکی پارتی بوون، گۆڕدراون و کەسانی سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە جێگەیان دانراون.











باسنيوز
Top