گوتەبێژی پارتی: دەبێت کاندیدی پارێزگاری کەرکووک کاندیدی پارتی و یەکێتی بێت
گوتەبێژی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت کاندیدی پۆستی پارێزگاری کەرکووک، کاندیدی هاوبەشی پارتی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بێت.
مەحموود محەمەد، گوتەبێژی فەرمیی پارتی ڕای گەیاند، حزبەکەی لەگەڵ یەکێتیدا سێ ڕێککەوتنی هەیە و پاشکۆی ڕێککەوتنێکیش لەبارەی کەرکووکەوە پێشتر دەقەکەی بڵاو کراوەتەوە، بۆیە ”ڕێککەوتن لەسەر پارێزگارێک دراوەتە دەست سەرۆک بارزانی و کۆسرەت ڕەسووڵ، ڕێککەوتنەکەش واکراوە کە لەگەڵ ھەنگاوەکانی پێکھێنانی کابینەی نوێ، ئەم پرۆسەیەش دەست پێدەکات، کەواتە دەسەڵاتی مەکتەبی سیاسیی پارتی و مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دراوەتە هەردووکیان تا ڕێککەوتنی لەسەر بکەن، ئێمە پەشیمان نین لەو ڕێککەوتنەی کردوومانە، ئومێد دەکەین برادەرانی یەکێتیش بەھەمان شێوە“.
لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمریکا، مەحموود محەمەد جەختی کردووەتەوە: ”دەبێت کاندیدی پۆستی پارێزگاری کەرکووک کاندیدی پارتی و یەکێتی بێت، وای لێ نەیەت کە یەکێتی بڵێت ئەم کاندیدە دەبێت هی من بێت و من دایدەنێم، ئەگەر کاندیدی پۆستی پارێزگاری کەرکووک ھی یەکێتی بووایە و بۆی دابنرایە، من دڵنیام ئەوەندە لەسەر ئێـمە ڕانەدەوستان بۆ ئەوەی کاندیدی خۆیان بکەن بە پارێزگاری کەرکووک، بەڵام ئێستا کە دەڵێن دەبێت لەگەڵ پارتی پێکەوە داینێین، دەبێت بە ڕێککەوتنی ھەردوولا پێکەوە بێت“.
گوتەبێژی پارتی نەیشاردووەتەوە کە ئەوان ڕەچاوی دۆخی ناوخۆی یەکێتییان کردووە و بە ڕێککەوتنەکانیشەوە پابەندن، بەڵام دەبێت کاندیدی پۆستی پارێزگاری کەرکووک کاندیدێکی تەوافووقی بێت.
ڕوونیشی کردووەتەوە: ”فەرەیدون عەبدولقادر کاندیدی ھەردوولامان بوو، لەگەڵ ئەوەی ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بوو، بەڵام کاتێک بە سەرۆک بارزانییان گوت، گوتی، مرۆڤێکی نیشتمانی و تێکۆشەرە و دەتوانێت لەگەڵ بەغدا و پێکھاتەکان ھەڵبکات، ھەم شارەزایە و لەوێ لەدایک بووە، لەوێ گەورە بووە، بەرپرسی ھەرە زۆری ئەو ئەندام مەکتەب سیاسییانەی ئێستای ناو یەکێتیش بووە، بەڵام یەکێتی پەشیمان بووەوە لەگەڵ ئەوەی ڕێککەوتنمان لەسەر کرد".
باسنیوز
