کلارا عۆدیشۆ سەرۆکى فراکسۆنى کلدانى سریانى ئاشورى لە پەرلەمانى کوردستان:باوەڕی تەواومان بە تواناکانى مەسرور بارزانى هەیە

کلارا عۆدیشۆ سەرۆکى فراکسۆنى کلدانى سریانى ئاشورى لە پەرلەمانى کوردستان:باوەڕی تەواومان بە تواناکانى مەسرور بارزانى هەیە


پەرلەمانتارێکی کریستیان لە پەرلەمانى کوردستان، دەڵێ باوەڕی تەواومان بە تواناکانى مەسرور بارزانى، ڕاسپێردراو به‌ پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هەیە بۆ دابینکردنى مافى کریستیانەکان، هەربۆیە پشتگیرى کابینەى تازەى حکوومەتى هەرێم دەکەین.



کلارا عۆدیشۆ سەرۆکى فراکسۆنى کلدانى سریانى ئاشورى لە پەرلەمانى کوردستان راگەیاند: "وەکو نوێنەرى کریستیانەکانى کوردستان باوەڕى تەواومان بە تواناکانى مەسرور بارزانى راسپێردراو بۆ کابینەى نۆیەمى حکوومەتى هەرێم هەیە و پاڵپشتى لە کابینەى داهاتوو دەکەین، بە هى خۆمانى دەزانین و ئومێدى زۆرمان پێیەتى بۆ دابینکردنى مافى کریستیانەکان".



راشیگەیاند: "لە کابینەى داهاتوو وەکو کریستیان بەشدارى کاراى حکوومەت دەکەین و وەزارەتیش وەردەگرین، بەڵام تا ئێستا یەکلایى نەبووەتەوە چ وەزارەتێکمان پێدەدرێت، چاوەڕێى سەردانى مەسرور بارزانى دەکەین بۆ گفتوگۆکردن دەربارەى بەشداریکردنى کابینەى تازە".



ناوبراو ئاماژەى بەئەوەش کرد" مەسرور بارزانى کەسایەتییەکى سیاسى کاریزمى شارەزاى بەتوانایە کە لە رابردووشدا رۆڵى بەرچاوى هەبووە لە پاراستنى کریستیانەکانى هەموو عێراق بەتایبەت لە هێرشى تیرۆریستانى داعش بۆ سەر دەشتى نەینەوا، هەموو کات کوردستان بووەتە پەناگە بۆ ئەو کریستانانەى لەترسی هەڕەشە و کاولکارییەکان ماڵ و حاڵیان جێهێشتووە، بۆیە چاوەڕێ دەکەین لە داهاتووشدا پێکەوەژیانى ئاینى لەکوردستان زیاتر رەنگ بداتەوە لە کابینەى تازەدا".






باسنیوز
Top