بەختیار حەیدەر: مەسرور بارزانی دووجار سەردانی لایەنەکان دەکات

بەختیار حەیدەر: مەسرور بارزانی دووجار سەردانی لایەنەکان دەکات
بەرپرسی فەرمانگەی یاسایی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، کاروباری پێکھێنانی حکوومەت زۆرباش دەڕوات و ڕێکاری پێویست بۆ گفتوگۆ و لێکگەیشتنی لایەنەکان و پرسی پێکھێنانی حکوومەت گیراونەتە بەر.

بەختیار حەیدەر، بەرپرسی فەرمانگەی یاسایی پارتی راگەیاند: ”مەسرور بارزانی لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەی، هاتە مەکتەبی سیاسیی پارتی، بەو پێیەی پارتی یەکەم حزبە و ژمارەی یەکەمی کورسیی پەرلەمانی ھەیە، دواتر سەردانی لایەنەکان دەکات“.

ڕوونیشی کردەوە کە مەبەست لەو سەردانانە، وەرگرتنی سیڤیی وەزیرەکانە بۆ ئەوەی حکوومەت ناوەکان ڕەوانەی پەرلەمان بکات. گوتیشی: ”مەسرور بارزانی گفتوگۆ لەگەڵ ئەو لایەنانە دەکات کە ڕێککەوتوون لەسەر بەشداری لە حکوومەت، دوای ئەوە کۆبوونەوەی دیکە دەکرێت بۆ پەسەندکردنی ناوەکان، واتە مەسروور بارزانی دووجار لەماوەی پێکھێنانی حکوومەتدا کۆبوونەوە دەکات، یەکەم بۆ وەرگرتنی سیڤی و دووەمیش بۆ پەسەندکردنی“.

بەختیار حەیدەر جەختی لەوە کردەوە کە لەناو پارتیدا سیڤی پێشکەش کراوە و سەرۆک بارزانی و مەکتەبی سیاسی لەم بابەتەدا خاوەنی بڕیارن. دووپاتیشی کردەوە: ”تائێستا کاروباری پێکھێنانی حکوومەت زۆر باش دەڕوات“.










باسنيوز
Top