وەزیری پەروەردە پەیامێک بڵاو دەکاتەوە
لە پەیامەکەیدا، پشتیوان سادق، وەزیری پەروەردە رایگەیاندووە، بابە زانستی و هونەر و تەکنیکەکانی تاقیکردنەوەکان پەیوەندیی بە لێژنەی باڵای ئەنزموونەکانەوە هەیە و ئەو ”بە هیچ شێوەیەک“ دەستی لە وردەکارییەکان وەرنەداوە نەکردووە.
پشتیوان سادق داواشی لە لێژنەکە کردووە هەر سەرنج و تێبینییەکیان هەیە لەسەر ئەزموونەکان، ”بە لیژنە و لە ئاستى هەموو پارێزگاکان یەکلایی بکەنەوە و چی لە بەرژەوەندیى قوتابیان و خوێندکارانە بڕیارى لەسەر بدەن“.
دەقی پەیامەکەی وەزیری پەروەردە:
سەرۆک و ئەندامانى لیژنەى باڵاى ئەزموونەکان
وێراى سوپاسێکى زۆرم بۆ هەموو ئەندامانتان و سەرپەرشتیاران و بەڕێوەبەر و مامۆستایانى چاودێر لە پڕۆسەى ئەزموونە گشتییەکانى ئەمساڵى خوێندنى (٢٠١٨ ـ ٢٠١٩). پێداگرى لە هەردوو کۆبوونەوەى (٨/٦ و ١٥/٦/٢٠١٩) دەکەمەوە کە:
ـ پێویستە هەر سەرنج و تێبینییەک کە لەسەر پرسیارەکان هەبێت، بە لیژنە و لە ئاستى هەموو پارێزگاکان یەکلایی بکەنەوە و چی لە بەرژەوەندیى قوتابیان و خوێندکارانە بڕیارى لەسەر بدەن.
ـ بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى سەرپەرشتیاریشم ڕاسپاردووە بۆ هەر پێشنیار و ڕایێک کە هەیانبێت لەم بارەوە و ئەوەى لەسەر بەندە پێویست بووە بۆ سەرکەوتن و پاڵپشتى ئێوە بە زیادەوە کردوومانە، بەڵام بابەتە زانستى و هونەر و تەکنیکییەکانى ئەزموونەکان پەیوەندى بە خۆتانەوە هەیە بەرپرسیارییەکەشی لە ئەستۆی ئێوەیە و ئێمە لە هیچ ساڵێک و بە هیچ شێوەیەک تەداخوولى وردەکارییەکمان نەکردووە و ناشیکەین.
باسنيوز
