د. فوئاد حوسێن وەزیری دارایی عێراق: مووچەی ساڵی داھاتووی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان گەرەنتی دەکرێ
جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی دڵنیایی دەداتە موچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان.
د. فوئاد حوسێن، وەزیری دارایی و جێگری عادل عەبدولمەھدیی سەرۆک وەزیرانی عێراق، رایگەیاندووە، لە ئێستاوە کار بۆ جێگیرکردنی پشکی ھەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی داھاتوو دەکەن و ”چەند کۆبوونەوەیەکیش بۆ ئەم مەبەستە ئەنجام دراون“ و بەمەش مووچەی ساڵی داھاتووی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان گەرەنتی دەکرێ.
فوئاد حوسێن، کە لێدوانی بۆماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان داوە، ھەروەھا رایگەیاندووە، پەیوەندیەکانی ھەولێر و بەغدا ”لە ئاستێکی باشدان و پێویست بە دیالۆگ و گفتوگۆی زیاتریش ھەیە و بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی پرسی نەوت، بودجە و ناوچە کوردستانییەکانیش، ھەوڵەکان بەردەوامن".
وەزیری دارایی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، کە دوای پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەت دانوستاندنەکانی ھەولێر و بەغدا دەست پێ دەکەنەوە، ”ئومێدمان ھەیە ئاستی پەیوەندییەکان باشتر بێت“.
باسنیوز
