گوتەبێژی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان: پارتی کاندیدەکانی بۆ پشکی خۆی لە کابینەی نوێی حکوومەت پێش تەواوبوونی وادەی یاسایی پێکهێنانی حکوومەت، پێشکەشی مەسرور بارزانی دەکات

گوتەبێژی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان: پارتی کاندیدەکانی بۆ پشکی خۆی لە کابینەی نوێی حکوومەت پێش تەواوبوونی وادەی یاسایی پێکهێنانی حکوومەت، پێشکەشی مەسرور بارزانی دەکات
ئەمڕۆ یەکشەممە 16-6-2019، مەسرور بارزانی، راسپێردراو بە پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ مەکتەبی سیاسیی پارتی کۆ بووەوە.

دوای کۆبوونەوەکە، مەحمود محەمەد، گوتەبێژی فەرمیی پارتی، بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، ”بە دڵنیاییەوە پارتی کاندیدەکانی بۆ پشکی خۆی لە کابینەی نوێی حکوومەت پێش تەواوبوونی وادەی یاسایی پێکهێنانی حکوومەت، پێشکەشی مەسرور بارزانی دەکات.

مەحمود محەمەد لەبارەی ئەو وەزیرانەی ئێستای پارتی، کە لە کابینەی نوێ دەمێننەوە یان نا، رایگەیاند، ئەو بابەتە دەمێنێتەوە سەر گفتوگۆکان و پشکی پارتی لە حکوومەت.

رۆژی سێشەممە 11-6-2019، پەرلەمانی کوردستان بە زۆرینەی دەنگ، مەسرور بارزانی بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ناوزەد کرد و دواتریش ڤاڵا فەرید، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، نووسراوی ناوزەدکردنەکەیان بۆ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان نارد.

رۆژی چوارشەممە 12-6-2019، لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راسپارد.

رۆژی 30ـی ئەیلوولی 2018، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام درا و لە ئەنجامدا، پارتی بووە براوەی یەکەم و 45 کورسیی پەرلەمانی لە کۆی 100 کورسی (11 کورسی بۆ کۆتاکان جێگیر کراوە)، بە دەست هێنا.






باسنيوز
Top