مەسرور بارزانی: رێککەوتن لەسەر پشکی حزبەکان لە حکوومەت کراوە

 مەسرور بارزانی: رێککەوتن لەسەر پشکی حزبەکان لە حکوومەت کراوە


راسپێردراو بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، رێککەوتن لەسەر پشکی حزبەکان لە کابینەی نوێی حکوومەت، کراوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 16-6-2019، مەسرور بارزانی، راسپێردراو بە پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆ بووەوە.

دوای کۆبوونەوەکە، مەسرور بارزانی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان رێککەوتن لەسەر پشکی هەر لایەنێک لە کابینەی نوێی حکوومەت کراوە و ئێستا داوای سیڤیی کاندیدی وەزارەتەکان لە لایەنەکان دەکات.

راسپێردراو بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت هەروەها رایگەیاند، ”لەم یەک دوو رۆژە“ سەردانی سلێمانی دەکات و لەگەڵ لایەنەکانی دیکە بۆ هەمان مەبەست کۆ دەبێتەوە.

مەسرور بارزانی هیوای خواست پێش تەواوبوونی وادەی یاسایی، کە 30 رۆژە لە کاتی راسپاردنییەوە، کابینەی نوێی حکوومەت پێک بێت و لیستی ناوی وەزیرەکان پێشکەشی پەرلەمانی کوردستان بکات.

رۆژی سێشەممە 11-6-2019، پەرلەمانی کوردستان بە زۆرینەی دەنگ، مەسرور بارزانی بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ناوزەد کرد و دواتریش ڤاڵا فەرید، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، نووسراوی ناوزەدکردنەکەیان بۆ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان نارد.

رۆژی چوارشەممە 12-6-2019، لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راسپارد.




باسنيوز
Top