"لە بەغدا ھێرش کرایە سەر بنکەیەکی ئەمەریکا"

ئەمڕۆ، شەممە (١٥-٦-٢٠١٩)، لە ناوچەی بەلەدیەی بەغدا ھێرش کرایە سەر بنکەیەکی ھێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و پەرلەمانتارێکیش ئاشکرای کرد، ڕەوشی بەغدا ئاڵۆز بووە و ئەمەریکا پێشتر زانیویەتی ھێرشێکی وەھا بۆ سەر ھێزەکانیان دەکرێت.

ھندرێن لەزگین، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە ڕۆژانی ڕابردوودا ڕەوشی عێراق بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر چووە، لەوانەش پێش حەفتەیەک کاتیۆشایەک ئاراستەی ناوچەی سەوزی بەغدا کراوە و لە نزیک بارەگای ئەمەریکا کەوتووە، ھەروەسا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە بەغدا ھێرشی دیکە ھەبوون، ئەو ھێرشانە بۆسەر بەغدا و بنکەکانی ئەمەریکا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ھێشتا داعش لە عێراق ماوە و دەیەوێ دەستی خۆی بوەشێنێت."

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ڕەوشی ناوچەکە و ئاڵۆزیی نێوان ئەمەریکا و ئێران ھۆکارە بۆ ئەوەی شانەکانی داعش جارێکی دیکە دەست بە جووڵە بکەنەوە و بەھێزتر ببن، چونکە ئەوان دەرفەت لە ئاڵۆزییەکان وەر دەگرن."

ھندرێن لەزگین دەشڵێت: "ھێرشەکانی سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا ناتوانن کاریگەریی ئەوتۆیان ھەبێت، چونکە ھێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق پێشتر ڕەچاوی تێکچوونی ڕەوشەکەیان کردووە، بەتایبەتی بەشێک لە میلیشیاکانی عێراق ماوەکانی ڕابردوو ھەڕەشەیان لە مانەوەی ئەمەریکا کردووە و ڕایانگەیاندووە ھەموو ھەوڵێک بۆ وەدەرنانی ئەمەریکا لە عێراق دەدەن."
kdp -
Top