مەسرور بارزانی لەگەڵ شاندێکی ئەڵمانیای فیدراڵ هاوکاری و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان تاوتوێ دەکات

مەسرور بارزانی لەگەڵ شاندێکی ئەڵمانیای فیدراڵ هاوکاری و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان تاوتوێ دەکات
ئەمڕۆ شەممە 15-6-2019 مەسرور بارزانی راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە مارتن جایگەر، وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی هاوکاری ئابووری و پەرەپێدانی کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ و شاندی یاوەری کرد.

لەم دیدارەدا، کە باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق و کونسووڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر ئامادە بوون، پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەلمانیا و دوا ڕەوش و پێشهاتەکانی دەڤەرەکە بە شێوەیەکی گشتی تاوتوێ کران.

مەسرور بارزانی وێڕای بەرزنرخاندنی رۆڵی ئەڵمانیا لە پشتگیری و هاوکاریی هەرێمی کوردستان، جەختی لەسەر سەقامگیری و ئاسایش و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان گەلان و یەکلاکردنەوەی کێشەکانی دەڤەرەکە لەڕێگەی گفتوگۆوە کردەوە و رای گەیاند، هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە خوازیارە لە چوارچێوەی دەستوور و دیالۆگی بنیاتنەرانەدا پرسە هەڵواسراوەکانی نێوان بەغدا و هەولێر چارەسەر بکرێن، چونکە ئاشتی و سەقامگیریی زیاتری لێ دەکەوێتەوە.

لەلای خۆیەوە وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی هاوکاری ئابووری و پەرەپێدانی کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ، پیرۆزبایی لە مەسرور بارزانی کرد بە بۆنەی بە فەرمی راسپاردنی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی هەرێمی کوردستان و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرک و بەرنامەی کابینەی داهاتوودا بۆ خواست، هەروەها ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ هاوکاری و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە سەرجەم بوارەکان نیشان دا و جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی پشتگیریی لە هەرێمی کوردستانێکی بەهێز دەکات.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا کێشەی ئاوارە و پەنابەران و ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانە خرانە بەرباس، کە بەهۆێ شەڕی تیرۆریستانی داعش تووشی زیان بوون.










باسنيوز
Top