"بڕیارە پاڵاوگەیەکی گەورەی نەوت لە دھۆک دروست بکرێت"
دکتۆر بێوار خنسی، ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بەر لە ھاتنی شەڕی داعش بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوە بوو پاڵاوگەیەکی گەورەی نەوت لە سنووری پارێزگای دھۆک دابمەزرێت، پێم وایە لە ساڵی ٢٠١٤ـوە فەرمانی دامەزراندنی ئەو پاڵاوگەیە دەرچووە، بەڵام بەھۆی شەڕی تیرۆریستانی داعشەوە کارەکەی دووا کەوت."
ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان گوتی: "ھەوڵ دەدرێت پیشەسازی لە نەوتدا بکرێت، لەبەر ئەوەی داھاتێکی زۆری بۆ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و خەڵکیش دەبێت، ئەگەر ئێستا بەرمیلێک نەوت بە ٧٠ دۆلار بفرۆشین، بەڵام لە دووای پاڵاوتنی داھاتەکەی دەبێتە دوو بەرامبەر."
خنسی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ھەبوونی پاڵاوگە ھەلی کار دەڕەخسێنێت بۆ ھاووڵاتیان و بەرھەمی ناوخۆ لە بەنزین پڕ دەکرێتەوە، ھەروەھا کێشەکانی وزە و گاز و نەوتی سپی و بەنزین و کارەباش بەوھۆیەوە چارەسەر دەکرێت. پێم وایە ھەرێمی کوردستان پێویستی بە پاڵاوگەی پێشکەوتوو ھەیە، لەبەر ئەوەی ڕۆژانە پێویستی بە شەش ملیۆن لیتر بەنزین ھەیە، ئەوەش بەئاسانی بەدەست ھەرێمی کوردستان ناکەوێت."
لەبارەی شوێنی دروستکردنی پاڵاوگەکەوە، دکتۆر بێوار خنسی دەڵێت: "قەزای شێخان باشترین شوێنە بۆ دانانی پاڵاوگەیەکی نەوت، چونکە دەوروبەری شێخان ھەمووی کێلگەی نەوتە و ناوچەیەکی دەوڵەمەندە بە سامانی نەوت و سوودی زۆری دەبێت."
kdp-
