ڕزگار حاجی: پێویستە ھاووڵاتییانی ھەرێم لە بایۆمەتریی دەنگداندا بەشداری بکەن
ڕزگار حاجی، جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پڕۆسەی بایۆمەتریی دەنگدەران لە سەرتاسەری عێراق، بە ھەرێمی کوردستانیشەوە، بە شێوەیەکی ئاسایی بەڕێوە دەچێت و ڕێژەی بەشداریکردنی ھاووڵاتییانیش لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە جیاوازە. بەرزترین ڕێژەی بەشداریی ھاووڵاتییان لە سنووری پارێزگای دیالە بووە، بەداخەوە لە ھەرێمی کوردستان تا ئێستا ڕێژەی بەشداری وەک پێویست نییە."
جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق گوتیشی: "یەکێک لە ھۆکارەکانی کەمیی ڕێژەی بەشداریی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، ئەگەر ھەڵبژاردن بکرێت، ئەوە تەنیا پارێزگاکانی عێراق دەگرێتەوە و کورد لە کەرکووک و نەینەوا بەشدارە، بەڵام پێویستە ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان سەردانی بنکەکانی تۆماری بایۆمەتری بکەن."
ڕزگار حاجی ڕوونی کردەوە: "لە ھەر ھەڵبژاردنێکدا کە لە عێراق بەڕێوە بچێت بەبێ کارتی بایۆمەتری ھیچ ھاووڵاتییەک مافی دەنگدانی نابێت، لەبەر ئەوە پێویستە و داوا لە ھاووڵاتییان دەکەین، ئەوانەی خۆیان تۆمار نەکردووە، لە بایۆمەتریی دەنگداندا بەشداری بکەن، تا ببنە خاوەن کارتی نوێی دەنگدان."
kdp-
