سەرۆکی فەرەنسا پیرۆزبایی لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات

سەرۆکی فەرەنسا پیرۆزبایی لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات
ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەرەنسا له‌ نامه‌كه‌يدا بۆ نێچيرڤان بارزانى، وێڕای پیرۆزبایی لە سه‌رۆکی هەرێمی کوردستان، ئاشکرای کردووە دەستبەكاربوونتان قوناغێكی گرنگە بۆ هەرێمی كوردستان و پشتگیریی فه‌ره‌نساشى بۆ هه‌رێمی كوردستان دووپات كردووەتەوە.

سه‌رله‌به‌يانيى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 13/6/2019 دۆمينيك ماس، كونسوولى گشتيى فه‌ره‌نسا‌ له هەولێر نامەیەکی ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسای گەیاندە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان.

لە نامەکەی سەرۆک کۆماری فەرەنسا کە لەڕێگەی دۆمينيك ماس، كونسولى گشتيى فه‌ڕه‌نساوه‌ له‌ هەولێر بە سەرۆکی هەرێمی وکردستان گەیشتووە و وێنەیکیشی بۆ باسنیوز نێردراوە، هاتووە: فەڕەنسا و كوردستانی عێراق لە ڕێگای پەیوەندیی مێژوویييه‌وه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ گرێ دراون و جەنگی هاوبەشی دژی داعش ئەم پەیوەندییانەی پتەوتر كرد. دەمەوێت بەتایبەتی سوپاسگوزاریی خۆم بە ئێوە ڕابگەیه‌نم بۆ ئەو هەموو قوربانیانەی لەلایەن پێشمەرگەوە بەخشراون، هەروەها بۆ ئەو هەوڵە بێ‌وێنەیەی دەسەڵاتدارانی هەرێم بۆ پێشوازیكردن لەو ئاوارانەی لە دەستی بەربەرییەتی جیهادییەكان ڕایان كرد."



دەقی نامەکە:

ڕێزدار جەنابی سەرۆك،

دەمەوێت گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێوەی بەڕێز بكەم بە بۆنەی هەڵبژاردنتانه‌وه‌ بە سەرۆكی هەرێمی كوردستانی عێراق و هیوای سەركەوتنی تەواوتان بۆ دەخوازم لە بەجێگەیاندنی ئەم بەرپرسیارییەتییە گەورەیەدا.

دەستبەكاربوونتان قوناغێكی گرنگە بۆ هەرێمی كوردستان و بۆ هەموو عیراق كە لە سەروبەندی سەقامگیركردن و ئاشتەوایيی كومەڵایەتیدان. دڵنیام ئەزموونی بەڕێزتان لە بەرپرسیاريه‌تییه‌كاندا و هەستی بەڕێزتان بۆ دەوڵەتمەداری، یارمەتیدەر دەبن بۆ بەجێگەیاندنی ئەم ئەركە نوێیەتان كە فەڕەنسا پشتگیریی تەواوی لێ دەكات.

فەڕەنسا و كوردستانی عێراق لە ڕێگای پەیوەندیی مێژوویييه‌وه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ گرێ دراون و جەنگی هاوبەشی دژی داعش ئەم پەیوەندییانەی پتەوتر كرد. دەمەوێت بەتایبەتی سوپاسگوزاریی خۆم بە ئێوە ڕابگەیه‌نم بۆ ئەو هەموو قوربانیانەی لەلایەن پێشمەرگەوە بەخشراون، هەروەها بۆ ئەو هەوڵە بێ‌وێنەیەی دەسەڵاتدارانی هەرێم بۆ پێشوازیكردن لەو ئاوارانەی لە دەستی بەربەرییەتی جیهادییەكان ڕایان كرد. ئێوە ئاگاداری پابه‌نديى ئێمەن سەبارەت بە ئاواتی كورد لە چوارچێوەی عیراقێكی یەكگرتوو، فیدڕال و دیموكراتدا. بە ناوی ئەم پەیوەندییە تایبەتەوە بوو كە فەرەنسا بەشداری كرد لە هاندانی چارەسەركردنی ئەو قەیرانەی دوای ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی دروست بوون.

ئەمڕۆ، ئێمە خۆشحاڵین بە قوڵبوونەوەی پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا و هەولێر، هەروەها ئەو ڕێككەوتنانەی لە سایەی ئەم دینامیكییتەوە كراون لە بەرژه‌وەندیی ئاسایش و سەقامگیری و گەشەسەندنی هەموو عیراقدا.

هیواخوازم بتوانین پەرەی زیاتر بە پەیوەندییەكانی نێوان فەرەنسا و هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارەكاندا بدەین، بەتایبەتیش لەو بوارانەی كە خەڵك لە یەكتری نزیك دەكەنەوە: لە بوارەكانی ئابووری، كولتووری، پەروەردەیی. ئێوە لەم چوارچێوەیەدا ده‌توانن پشت بە دەسەڵاتدارانی فەڕەنسی ببەستن.



تكا لە ئێوە دەكەم جەنابی سەرۆك كە بڕوا بە ستایشی بێپایانم بكەن.










باسنيوز
Top