ماكرۆن بۆ نێچیرڤان بارزانی: ده‌توانن پشت به‌ فه‌ره‌نسا ببه‌ستن

ماكرۆن بۆ نێچیرڤان بارزانی: ده‌توانن پشت به‌ فه‌ره‌نسا ببه‌ستن
سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا نامه‌یه‌كی پیرۆزبایی بۆ نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان نارد و تێیدا پشتگیریی بۆ هه‌رێمی كوردستان دووپات كرده‌وه‌.

له‌ نامه‌يه‌كدا بۆ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، ئیمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا پیرۆزبایی ده‌ستبه‌كاربوونی وه‌كو سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان لێكرد و هیوای سه‌ركه‌وتنی له‌ ئه‌ركه‌ نوێیه‌كه‌یدا بۆ خواست و پشتگیریی فه‌ره‌نسايشى بۆ هه‌رێمی كوردستان دووپات كرده‌وه‌.

له‌و نامه‌یه‌دا ماكرۆن نووسیوویه‌تی: دەستبەكاربوونتان قوناغێكی گرنگە بۆ هەرێمی كوردستان و بۆ هەموو عێراق كە لە سەروبەندی سەقامگیركردن و ئاشتەوایيی كومەڵایەتیدان. دڵنیام ئەزموونی بەڕێزتان لە بەرپرسیاريه‌تییه‌كاندا و هەستی بەڕێزتان بۆ دەوڵەتمەداری، یارمەتیدەر دەبن بۆ بەجێگەیاندنی ئەم ئەركە نوێیەتان كە فەرەنسا پشتگیریی تەواوی لێ دەكات.

له‌ درێژه‌ی نامه‌كه‌دا ماكرۆن رایگه‌یاندووه‌، فەرەنسا و كوردستانی عێراق لە رێگای پەیوەندیی مێژوویييه‌وه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ گرێدراون و جەنگی هاوبەشی دژی داعش ئەم پەیوەندییانەی پتەوتر كرد. دەمەوێت بەتایبەتی سوپاسگوزاریی خۆم بە ئێوە رابگەیه‌نم بۆ ئەو هەموو قوربانیانەی لەلایەن پێشمەرگەوە بەخشراون، هەروەها بۆ ئەو هەوڵە بێ‌ وێنەیەی دەسەڵاتدارانی هەرێم بۆ پێشوازیكردن لەو ئاوارانەی لە دەستی بەربەرییەتی جیهادییەكان رایانكرد. ئێوە ئاگاداری پابه‌نديى ئێمەن سەبارەت بە ئاواتی كورد لە چوارچێوەی عێراقێكی یەكگرتوو، فیدڕاڵ و دیموكراتدا. بە ناوی ئەم پەیوەندییە تایبەتەوە بوو كە فەرەنسا بەشداری كرد لە هاندانی چارەسەركردنی ئەو قەیرانەی دوای ریفراندۆمی سەربەخۆیی دروست بوون. ئەمڕۆ، ئێمە خۆشحاڵین بە قوڵبوونەوەی پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا و هەولێر، هەروەها ئەو رێككەوتنانەی لە سایەی ئەم دینامیكییتەوە كراون لە بەرژه‌وەندیی ئاسایش و سەقامگیری و گەشەسەندنی هەموو عیراقدا.

له‌ كۆتایی نامه‌كه‌دا ماكرۆن هیوای خواست بتوانن پەرەی زیاتر بە پەیوەندییەكانی نێوان فەرەنسا و هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارەكاندا بدەن، بەتایبەتیش لەو بوارانەی كە خەڵك لە یەكتری نزیك دەكەنەوە: لە بوارەكانی ئابووری، كولتووری، پەروەردەی و دووپاتیشی كرده‌وه‌، كوردستان ده‌توانێت لەو چوارچێوەیەدا پشت بە دەسەڵاتدارانی فەرەنسی ببەستێت.






K24
Top