بزووتنەوەی گۆڕان سکاڵای یاسایی لە دژی بەرپرسێکی یەکێتی تۆمار دەکات

بزووتنەوەی گۆڕان سکاڵای یاسایی لە دژی بەرپرسێکی یەکێتی تۆمار دەکات
سەرکردەیەکی بزووتنەوەی گۆڕان ڕووداوی ھێرشکردنە سەر مەکۆی سەرەکیی بزووتنەوەکەیان بە بێسەروبەریی ئەمنیی سلێمانی ناودەبات و باسی تۆمارکردنی سکاڵا لە دژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات.

بەرەبەیانی سێشەممە ١١ی ٦ی ٢٠١٩، بەهۆی تەقەکردنەوە پاسەوانێکی مەکۆی سەرەکیی گۆڕان لە گردی زەرگەتەی سلێمانی کوژرا، دواتر بزووتنەوەی گۆڕان بە فەرمی رای گەیاند کە پاش ئەوەی لەلایەن بەرپرسێکی یەکێتییەوە هەڕەشەیان لێکراوە، چەند کەسێک بەناوی سکیوریتی تەقەیان کردووە و تەقەکان بە ئاراستەی ژمارەیەک لە هەڵسووڕاوانی گۆڕان کراوە.

لەمبارەیەوە چالاکی موھەندیس، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان ڕاگەیاند: دوای ئەوەی ھێزێکی چەکدار ھێرشی کردە سەر مەکۆی سەرەکیی گۆڕان لە شاری سلێمانی و پاسەوانێکی گردەکە شەھید کرا، ئێمە حەز دەکەین، ھەر کێشەیەکی جۆراوجۆر ڕووبدات، لەڕێگەی یاساوە چارەسەر بکرێت.

ئاماژەشی بەوە کرد: ئەوەی بەرامبەر گردی زەرگەتە کرا، بێسەروبەریی ئەمنیی سلێمانی بووە، بۆیە دژی ئەو کارە ئێمە ڕێگەی یاسایی دەگرنە بەر، چونکە ئێمە چەکمان نییە تاوەکوو ڕێگەی چەک بەکار بێنین، ھەروەھا ئێمە باوەڕمان بە چەک نییە تاوەکوو بەچەک وەڵام بدەینەوە، چونکە ئێمە پێمانوایە دەبێ چەک دژی نەیارانی کورد بەکاربھێنین، بۆیە دژی ئەو، ئێمە سکاڵای یاسایی تۆمار دەکەین.

ئاماژەی بەوەش دا، بزووتنەوەی گۆڕان، ھەمیشە لەگەڵ ئەوەدا بووە کە ھێزی چەکدار بە نیشتمانی بکرێت، بۆ ئەوەی کاری لەو شێوەیە دووبارە نەبێتەوە، بەڵام ئەو حاڵەتی ھێرشکردنانە ھەرگیز پاڵ بە ئێمەوە نانێت کە وەڵامی فیشەک بە فیشەک بدەینەوە، بەڵکوو ئێمە ڕێگەی یاسایی دەگرێنە بەر و بەیاسا وەڵامی ئەو کارانە دەدەینەوە.

بەپێی زانیارییەکان، سکاڵاکەی گۆڕان لە دژی ئەو بەرپرسەی یەکێتی تۆمار دەکرێت کە هەڕەشەی لێ کردوون و دواتر کردەی تەقەکردنەکان بەناوی کۆمپانیای سکیوریتی ڕووی داوە.







basnews
Top