بزووتنەوەی گۆڕان ئامادەکاری بۆ پێشوازی لە مەسروور بارزانی و شاندەکەی دەکات
نزار مەحموود، ئەندامی جڤاتی گشتیی گۆڕان ڕاگەیاند، ھەمان ئەو شاندەی کە دانرابوون بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازی لە شاندی مەسروور بارزانی دەکات. گوتیشی: ”سەردانەکەی زیاتر پرسێکی پرۆتۆکۆلییە، چونکە پێشووتر لایەنەکان لەسەر وردەکاریی پۆستەکان ڕێککەوتوون و ئەم سەردانانە بۆ خستنەڕووی ناوی وەزیرەکانە“.
ئەوەشی نەشاردەوە کە شاندی گۆڕان لەلایەن جڤاتی نیشتیمانییەوە بڕیاری لەسەر دراوە و دەسەڵاتی ھەیە. گوتیشی: ”بۆ پرسی وەزیرەکان لێژنەیەکمان ھەیە، ئەو لێژنە ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوەی جڤات یەکلاییان بکاتەوە و ماوەیەک دیاری دەکرێت بۆ کۆبوونەوە تا ناوی وەزیرەکان یەکلا بکرێتەوە و دواتر بدرێتە شاندی مەسروور بارزانی، بەڵام جارێ دیار نییە“.
لەلایەن خۆیەوە شێخ کامیل قادر، ئەندامی لێژنەی ھەڵسەنگاندنی سیڤییەکان و ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”ئێمە وەک لێژنەی ھەڵسەنگاندنی سیڤییەکان بە بڕیاری ئەو شاندەی ھەیە و بەبڕیاری خانەی ڕاپەڕاندنیش پابەندین و ئیشی خۆمان کۆتایی پێ ھێناوە، بەڵام تەنیا خانەی ڕاپەڕاندن دەتوانێت بە شاندەکەی پارتی بڵێت کە ئامادەین“.
ئەندامەکەی لێژنەی ھەڵسەنگاندنی سیڤییەکانی گۆڕان، جەخت دەکاتەوە ”ھەموو شتێکمان ئامادەیە و خانەی ڕاپەڕاندن دەتوانێت ئەوە بە کاک مەسرور بڵێت“. گوتیشی: ”پێدەچێت یەکەم لایەن بین لە پێشکەشکردنی ناوەکان“.
دوێنێ چوارشەممە ١٢ی ٦ی ٢٠١٩، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەرسوومێکی هەرێمی دەرکرد و تێیدا مەسرور بارزانی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاسپارد.
باسنیوز
