ئەنیستیتیوتی پەی: گەشتەکانی وەزیری خوێندنی باڵا و بەشێک لە ستافەکەی ڕەخنەی لێ دەگیرێت
مامۆستایەکی زانکۆ ڕایگەیاند کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا چەندان جار بۆ کاروباری خۆی، سەردانی وەزارەتی خوێندنی باڵای کردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی وەزیر و بەشێک لە ستافی وەزارەتەکە لە دەرەوەی وڵات بوون، کارەکەی ڕایی نەکراوە.
هەر لەمبارەیەوە، بەپێی ناوەڕۆکی لاپەڕە ٨٤ی ڕاپۆرتی ئەنیستیتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان کە لە سەرەتای ئەمساڵدا بڵاو کراوەتەوە، ئاماژە بەوە دراوە: ”سەرنجی زۆر لەسەر وەزیری خوێندنی باڵا و ژمارەیەک لە ڕاوێژکار و بەڕێوەبەری گشتی و هەندێک سەرۆکی زانکۆ هەیە کە بەردەوام لە سەفەر و ئیفادن، بێ ئەوەی گەشتەکانیان هیچ بەرهەمێکی بۆ پێشخستنی خوێندنی باڵا هەبێت، تەنانەت ڕەخنەی ئەوە لە وەزیر و هەندێک لە ستافی وەزارەت دەگیرێت کە لەبەر سەفەرەکانیان، کەمترین دەوام لە وەزارەت دەکەن“.
هەر لەو ڕاپۆرتەدا باس لەوە کراوە کە لە لە گەشتکردن و ئیفادەکانیشدا چەند کەسێک بەردەوام دووبارە دەبنەوە ”کە بە مەحسووبیەتی حزبی و خزمێنە و لێکنزیکی دادەنرێن“.
ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر (باسنیوز) بڵاوی کردەوە، د. یوسف گۆران، وەزیری خوێندنی باڵا لە هەوڵ دایە تاوەکوو یەکێتی بە دانانەوەی لە پۆستەکەی ڕازی بکات و لەمبارەیەشەوە بە فەرمی خۆی کاندید کردووە.
باسنیوز
