عەبدولمەهدی: پێشوازیی لە گۆڕانکارییەکان لە هەرێمی کوردستان دەکەین
عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پرێس کۆنفڕانسێکدا رایگەیاندووە، هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و دیاریکردنی سەرۆکی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ”دڵخۆشی کردین“.
عادل عەبدولمەهدی ئاماژەی بەوەش کرد، کە بەغدا بە قورساییەکی زۆرەوە بەشداریی رێوڕەسمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کرد و رایگەیاند، ”پاڵپشتیی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین“.
سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختی لەوە کردەوە، کە هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەت ”بۆ ناوخۆی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا گرنگن“.
رۆژی سێشەممە 11-6-2019، پەرلەمانی کوردستان بە زۆرینەی دەنگ، مەسرور بارزانی بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ناوزەد کرد و دواتریش ڤاڵا فەرید، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، نووسراوی ناوزەدکردنەکەیان بۆ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان نارد.
رۆژی 28-5-2019، پەرلەمانی کوردستان بە زۆرینەی دەنگ نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و کاندیدی ئەو حزبەی بۆ سەرۆکی نوێی هەرێمی کوردستان، هەڵبژارد و رۆژی دووشەممە 10-6-2019ش بە ئامادەبوونی سەدان سەرکردەی باڵای کوردستانی، عێراقی و جیهانی، سوێندی یاسایی خوارد.
باسنيوز
