بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر: ئەنجامدەری تاوانەکەی دوێنێی هەولێر دەستگیر کرا

بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر: ئەنجامدەری تاوانەکەی دوێنێی هەولێر دەستگیر کرا
لیوای مافپەروەر عەبدولخالق تەلعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر ئەمڕۆ چوارشەممە لە پرێس کۆنفرانسێکدا ئاماری کار و چالاکییەکانی لە ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزانی خستە ڕوو و ڕای گەیاند تۆمەتبار ڕووداوەکەی ئێوارەی دوێنێ هەولێریش دەستگیر کراوە.

بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر گوتیشی: "هەرچەند لە ڕۆژانی جەژندا لە هەولێر هیچ تاوانێک تۆمار نەکراوە، بەڵام دوای جەژن دوو تۆمەتبار دەستگیر کراون کە بەناوی پۆلیس و ئاسایشەوە بە چەک چوونە سەر خەڵک و هەڕەشەیان لێکردوون و پاشان دانیان بە تاوانەکەیدان ناوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کرایەوە و لە داهاتوودا ڕێکاری یاسایی پێویست بەرانبەریان دەگیرێتە بەر".

لەبارەی چەکی بێ مۆڵەت عەبدولخالق تەلعەت گوتی: "بەردەوام ڕێکاری یاسایی دەگرینە بەر و پلان و بەرنامەیەکمان دەست پێکردووە و لە ماوەیەکی نزیکدا و دوای تەواوبوونی وردەکارییەکانی دەستبەکار دەبین بۆ کۆکردنەوەی چەکی بؤ مۆڵەت".

ئاماژەی بەوەش کرد: "هەروەک خۆتان دەبینن ڕێژەی ئەنجامدانی تاوان لە هەولێر زۆر کەم بووەتەوە، چونکە لە ماوەی زیاتر لە مانگێکدا هیچ تاوانێک لەم شارە ڕووی نەدا و ئەمەش جێگەی دەستخۆشی و خۆشحاڵییە بۆ هەموو لایەکمان و هەموان ئاگادار دەکەینەوە کە شار ئارامە و هەموو ڕێکارێکی یاسایی بەرانبەر تاوانباران دەگرینە بەر".


بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر لەبارەی کوژرانی گەنجێک کە ئێوارەی دوێنێ ڕابردوو لە هەولێر کوژرابوو گوتی: "دوای هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆر بۆ دەستگیرکردنی دواجار تۆمەتبار خۆی رادەستی پۆلیس کرد و بەپێی مادەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی دادگایی دەکرێت."


بەپێی زانیارییەکان ئێوارەی دوێنێ سێشەممە لەسەر شەقامی ١٠٠ مەتری شاری هەولێر لەنزیک چواڕیانی "باز" پێکدادان لەنێوان دوو ئۆتۆمبێل ڕووی داوە و دواتر یەکێک لە شۆفێرەکان چەکی بەکار هێناوە و تەقەی لە شۆفێرەکەی‌تر کردووە و بەو هۆیەوەیە یەکێک لە شۆفێرەکان بەناوی "هیشام ئیسماعیل" تەمەن 34 ساڵ گیانی لەدەست دا.











باسنیوز
Top