توێژەرێکی عێراقی: بەبێ بڕیاری هەولێر هیچ حکوومەتێک لە عێراق پێک نایەت

 توێژەرێکی عێراقی: بەبێ بڕیاری هەولێر هیچ حکوومەتێک لە عێراق پێک نایەت


نووسەر و توێژەرێکی عێراقی رایدەگەیەنێت، کە بڕیاری هەرێمی کوردستان لە بڕیاری بەشێک لە وڵاتانی سەربەخۆ گرنگترە.

ئیبراهیم سومەیدەعی، نووسەر و توێژەری عێراقی لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) رایگەیاندووە، هەرێمی کوردستان بە یەک دووری لەنێوان سعودیە و تورکیا، ئیسرائیل و دوژمنە ئاشکرا و دۆستە شاراوەکانی، ئەمریکا و ئێران وەستاوە و ئەوەش ”خاڵی بەهێزییەتی“.

ئیبراهیم سومەیدەعی بە سەرسوڕمانەوە پرسیاری کردووە، ”ئایا سیاسییەکانی عێراق لە هەولێر فێر دەبن، کە نیوەی رێزی هەولێر بۆ وڵاتەکەیان دابین بکەن؟ نەک هەر لایەکیان بچێتە پاڵ وڵاتێکەوە“.

ئەو توێژەرە عێراقییە جەخت لەوە دەکاتەوە، کە هەولێر لەسەر نەخشەی جیۆسیاسیی ناوچەکە لەوپەڕی خاڵی بەهێزی دایە و کەس ناتوانێ نکۆڵی لێبکات، ”لانی کەم زۆر بەهێزترە لە بەغدا“ و بۆ ئەوەش بەڵگەی ئەوە دەهێنێتەوە، کە لایەنە عێراقییەکان ناتوانن تەنانەت کێشە تائیفییەکانی خۆشیان بەبێ بڕیاری هەولێر یەکلا بکەنەوە.

ئیبراهیم سومەیدەعی ئاماژەی بەوەش کردووە، کە هەولێر ”پایتەختی نهێنیی عێراقە و خاوەن بڕیاری خۆیەتی لە عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست“ و یەکێک لە نیشانەکانی بەهێزیشی ئەوەیە، کە ”هیچ حکوومەتێکی عێراقی بەبێ رەزامەندیی هەولێر پێک نایەت“.

سومەیدەعی پێی وایە دوو هۆکاری گرنگ هەن، کە هەرێمی کوردستانیان بەهێز کردووە، ئەوانیش بریتین لە ”رێزگرتنی هەولێر لە خۆی و متمانەی بەهێزی خۆی بە بڕیاری خۆی“.

ئەو نووسەر و توێژەرە عێراقییە هەروەها رایگەیاندووە، بەهێزیی هەرێمی کوردستان، کە زۆرترە لە هێزی ”بەشێک لە دەوڵەتە خاوەن سەروەرییەکانی جیهان“ لە ئاستێک دایە، ”هەولێر هەڵوێستی تایبەتیی خۆی لە رووداوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان هەیە“.

ئیبراهیم سومەیدەعی وێنەیەکی رێوڕەسمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی و 1200 سەرکردەی باڵای کوردستانی، عێراقی و جیهانی لەگەڵ پۆستەکەی بڵاو کردووەتەوە.







باسنیوز
Top