مەحموود عوسمان: بەزوویی کابینەی نوێی حکوومەت پێک دێت

 مەحموود عوسمان: بەزوویی کابینەی نوێی حکوومەت پێک دێت
سیاسەتمەدارێکی کورد دەڵێ، دوای ڕاسپاردنی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێ ھیچ کۆسپێک لەبەردەم حکوومەت نەماوە و لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا حکوومەتی نوێ پێک دێت، چونکە ڕێککەوتن کراوە و تەنھا ماوە کاندید بۆ پۆستەکان دیاری بکرێ.



سیاسەتمەداری کورد، د. مەحموود عوسمان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای سوێندخواردنی سەرۆکی ھەرێم و ڕاسپاردنی سەرۆکی حکوومەت ھیچ کۆسپێک نەماوە و لایەنەکان ڕێک کەوتوون و تەنیا ماوە کاندیدی خۆیان بۆ پۆستەکان دیاری بکەن، بۆیە بە کەمتر لە مانگێک حکوومەتی نوێ پێک دەهێنرێت."



د. مەحموود عوسمان گوتیشی: "ھەشت مانگ و نیوە حکوومەت دووا کەوتووە و ناکرێت لەمە زیاتر دووا بکەوێت، بۆیە پێویستە پەلە بکرێت و ھەنگاوی خێرا بنرێت بۆ ئەوەی حکوومەتی نوێ بەزوویی پێک بێت، چونکە ئەمە کارێکی باشە و لە بەرژوەندیی خەڵکی کوردستانە."



د. مەحموود باسی لەوەش کرد: "سەرۆکی ھەرێمی کوردستانیش لە ڕێوڕەسمی سوێندخواردندا قسەی جوان و زۆر باشی کرد بۆ ئەوەی لێکتێگەیشتن لە نێوان لایەنەکاندا ھەبێت و ئومێدەوارین جێبەجێ بکرێت، بۆیە پێویستە چاوەڕێ بین و سەرۆک بارزانی پشتگیریی تەواوی ئەو دەکات."



ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان بە زۆرینەی دەنگ مەسروور بارزانیی بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێی ھەرێمی کوردستان ڕاسپارد
kdp-
Top