فراکسیۆنی پارتی: ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێم دەسەڵاتە یاساییەکانی خۆی بەکار دەهێنێت
ئاماژەی بەوەش کرد: "کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان تایبەت بوو بە پرۆسەی ناوزەدکردنی کاندیدی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، کە کۆبوونەوەکە بە سەرکەتووییەوە کۆتایی پێهات و لە ئێستاوە هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت لەڕووی فەرمییەوە دەستیان پێکردووە".
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گوتیشی: "ئەمڕۆ ئێمە وەک پارتی و براوەی هەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلوولی پەرلەمانی کوردستان، ناوی کاندیدەکامن بۆ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشکەشی پەرلەمان کرد و متمانەی پێویستی بەدەست هێنا و سپاس بۆ لیست و فراکسیۆنانەی کە هاوپەیمانمان بوون و ڕێککەوتنەکە جێبەجێ کرا و دەنگ بە بەڕێزیان درا."
ئومید خۆشناو ڕاشی گەیاند: "هەر ئەمڕۆ سێشەممە لەلایەن دەستی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستانەوە ئەم بڕیارەی پەرلەمان واژۆی لەسەر دەکرێت و پێشکەش بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکرێت و لە ئایندەیەکی نزیک و لە ماوەی چەند کاتژمێری دیکەدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەسەڵاتە یاساییەکانی خۆی بەکار دەهێنێت و بانگهێشتی سەرۆکوەزرانی ڕاسپێردراو دەکات و مەرسوومی هەرێمی ڕادەگەیەنێت و لەدوای ڕاسپاردنی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ، 30 ڕۆژ لەبەردەم کاندیدی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانە کە کابینەکەی پێشکەش بە پەرلەمانی کوردستان بکات، بەڵام بەپێی ئەو ئامادەکارییانەی کە کراوە، ماوەکە ئەوەندە ناخایەنێت و بە زووترین کات کابینەی نوێی حکوومەت پێک دەهێندرێت".
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستاندا کە بە ئامادەبوونی زۆرینەی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە چوو، مەسرور بارزانی بە دەنگی (٨٧) پەرلەمانتار لە کۆی (٩٧)ی پەرلەمانتاری ئامادەبوو، بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ناوزەد کرا.
باسنيوز
