کابینەی تازەی حکوومەت نووسینگەیەک بۆ سکاڵای ھاووڵاتییان دەکاتەوە

 کابینەی تازەی حکوومەت نووسینگەیەک بۆ سکاڵای ھاووڵاتییان دەکاتەوە
بۆ ئەوەی سکاڵا و داواکاریی ھاووڵاتییان و کێشە و کەموکووڕییەکانیان زووتر بگات، لە کابینەی تازەی حکووومەتی ھەرێمی کوردستاندا، نووسینگەیەکی سکاڵای ھاووڵاتیان دەکرێتەوە، کە راستەوخۆ سەر بە سەرۆکی حکوومەت دەبێت.



فرسەت سۆفی، ئەندامی شاندی دانوستانکاری پارتی بۆ پێکھێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەت و سەرۆکی لیژنەی چاکسازی راگەیاند: بۆ گەیاندنی سکاڵای ھاووڵاتییان و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، بۆ کابینەی نوێ بیرۆکەی باش تاوتوو کراون، بۆ ئەوەی سکاڵا و داواخوازیی ھاووڵاتییان بگاتە شوێنی خۆی، لەوانە دروستکردنی نووسینگەی سکاڵا، کە راستەوخۆی پەیوەندییان بە سەرۆک وەزیرانەوە دەبێت».



لەبارەی ئەو نووسینگەیەوە زیاتر گوتیشی: “بەشێک یان ئۆفیسێک بۆ سکاڵا و کێشەی ھاووڵاتییان و بەداواچوونی دۆسێکانی گەندەڵی دەکرێتەوە، گرنگیی بابەتەکە لەوەدایە، راستەوخۆ سەر بە سەرۆکی حکوومەت دەبێت و خۆی ئاگاداری ئەو بابەتانە دەبێت».



سۆفی جەختی کردەوە، میکانزمی چۆنیەتیی گەیاندنی سکاڵای ھاووڵاتییان و کێشەکانی خەڵک بەھێز دەکرێت و ھەوڵ دەدرێت سکاڵاکان شوێنی خۆیان بگرن.



دووپاتیشی کردەوە، بیر لەوە کراوەتەوە میکانزمی باش بدۆزرێتەوە بۆ گەیاندنی سکاڵای ھاووڵاتییان و فەرمانبەران و سکاڵاکانی دژی گەندەڵی.



غازی عەلی، سەرۆکی لیژنەی سکاڵا و چاودێری لە ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر بە (باس)ی راگەیاند: «باشترین بیرۆکە و باشترین کارە، کە ئۆفیسی سکاڵا بکرێتەوە و سەر بە سەرۆکی حکوومەت بێت، باشترین ھەنگاوە بۆ خزمەتی ھاووڵاتییان و ھەڵگرتنی ئاستەنگ و کەموکوڕییەکان، کە کابینەی تازە بیانکات».



غازی عەلی، کە سەر بە یەکگرتووی ئیسلامییە، روونی کردەوە، بە ھەموو جۆرێک ھاوکاریی ئەنجومەنی وەزیران و کابینەی داھاتوو دەکەن، بۆ ئەوەی سکاڵاکان شوێنی خۆیان بگرن، گوتیشی: «کێشەی ئێمە ئەوە بووە، کە حکوومەت وەکوو پێویست ھەماھەنگیی نەبووە لەگەڵ ئەو سکاڵایانەی بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکان ھاتوون، خۆزگەی ئێمە ئەوەیە ئەو کابینەیە ئەو ھەماھەنگییە دروست بکات».



ئاماژەی بەوەش دا، لە رێگەی لیژنەکەیان زۆر لەو سکاڵایانەی لە لایەن فەرمانبەران و خەڵکەوە بۆیان ھاتووە، بەدواداچوونیان بۆ کردووە و زۆرکەس ھەبووە مافی بۆ گەڕێندراوەتەوە.








باسنیوز
Top