ئەمڕۆ لە پەرلەمانی کوردستان مەسرور بارزانی بۆ سەرۆکی حکوومەتی نوێ ناوزەد دەکرێت

 ئەمڕۆ لە پەرلەمانی کوردستان مەسرور بارزانی بۆ سەرۆکی حکوومەتی نوێ ناوزەد دەکرێت
وا بڕیارە ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان، مەسرور بارزانی، بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەفەرمی ناوزەد بکرێت، کە دواتر لەلایەن سەرۆکی ھەرێمی کوردستانەوە رادەسپێردرێت و ماوەی ٣٠ رۆژی لەبەردەمدا دەبێ بۆ پێکھێنانی کابینەکەی. چاودێرانی سیاسی و سیاسەتوانانی کوردیش ئومێدی زۆریان بە مەسرور بارزانی ھەیە و پێیان وایە، دەتوانێ لە ماوەی کابینە نوێیەکەیدا ھەنگاوی گەورە بھاوێت و حکوومەتێکی بەھێز دروست بکات.



بەر لە کۆتاییھێنان بە ‌دانیشتنەکەی دوێنێ، لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی، وەک سەرۆکی نوێی ھەرێمی کوردستان، ڤاڵا فەرید، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، بە ئەندامانی پەرلەمانی کوردستانی راگەیاند، کە سەعات ١١ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەمە، لە ھۆڵی دانیشتنەکانی پەرلەمان درێژە بە خاڵی دووەمی بەرنامەی کاری دانیشتنەکەیان دەدەن، کە بریتییە لە ناوزەدکردنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان - عێراق، بەپێی بڕگەی (٣) لە مادەی (٥٦) لە یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە (١)ی ساڵی ١٩٩٢ی ھەموارکراو.



لەم بارەیەوە ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ (باس) رای گەیاند، بەپێی رێوشوێنە یاساییەکان، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا داوا لە فراکسیۆنی پارتی دەکرێت، کاندیدی پۆستی سەرۆکی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێشکەش بکات، دوای پێشکەشکردنی کاندیدی ئەوان کە (مەسرور بارزانی)یە، لەلایەن ئەندامانی پەرلەمانی کوردستانەوە دەنگی لەسەر دەدرێت، ئەوکات کاندیدی ئەوان دەبێت بە بڕیاری پەرلەمان، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان ناوزەدکردنی مەسرور بارزانی بۆ سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەنێرێت، ئەوانیش لای خۆیانەوە بە فەرمی، سەرۆک وەزیران بۆ پێکھێنانی کابینەکەی رادەسپێرێت، لەو کاتەدا ٣٠ رۆژ لەبەردەستدایە بۆ پێکھێنانی کابینە نوێیەکەی حکوومەت، لەو ماوەیەدا سەرۆک وەزیران و جێگرەکانی و کاندیدە وەزارییەکان دێنە پەرلەمان و لەوێدا متمانە وەردەگرن.



گوتیشی: ”دڵنیاین لەوەی ئەو پڕۆسەیە لەمڕۆوە مانگێک کەمتر دەخایەنێت و حکوومەتی نوێی ھەرێمی کوردستان پێک دەھێنرێت“.

لای خۆشیانەوە، عەبدولناسڕ ئەحمەد، پەرلەمانتاری یەکێتی، بۆ (باس) رای گەیاند، ئەوان وەکوو یەکێتی بڕیاری بەشداریکردنیان لە حکوومەت داوە و چاوەڕوانکراوە دەنگ بە کاندیدی پارتی بۆ پێکھێنانی حکوومەت بدەن، گوتی: ”لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ، وەکوو فراکسیۆنی یەکێتی بەشداری دەکەین و ھیواخوازین لە زووترین کاتدا کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێک بێت“.



ھاوکات، جەلال محەمەد ئەمین، پەرلەمانتاری گۆڕان، بۆ (باس) رای گەیاند، گۆڕان بەشداریی لە حکوومەتدا کردووە و بێ گومان دەنگ بە کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان دەدات بۆ کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەپێی ئەو رێککەوتنەی کە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان ھەمانە، چاوەڕوانی جێبەجێکردنی خاڵەکانی دەکەین، ھیواخوازین کابینەیەکی باش و خزمەتگوزاری خەڵک بێت، بەلای ئێمەوە خاڵی جەوھەری چاکسازییە لە بواری ئابووری و سەربازی و داواشمان لە ھەموو لایەنەکان ھەیە، لەو پرسە بێنە پێشەوە.



لای خۆشیانەوە ھەر یەک لە رووپاک ئەحمەد، لە فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی و ئەبوبەکر ھەڵەدنی لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی بۆ (باس) رایان گەیاند، تاوەکوو ئێستا بۆ بەشدارییان لە کۆبوونەوەی سبەی پەرلەمانی کوردستان خۆیان یەکلا نەکردووەتەوە، بەڵام ھەڵەدنی ئاماژەی بەوە دا، چاوەڕوانکراوە ئەوان وەکوو یەکگرتووی ئیسلامی بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا بکەن.



ھاوکات، سیاسەتوان، د. مەحموود عوسمان، بۆ (باس) جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، کە خەڵکی چاوەڕوانیی زۆری لەو کابینە نوێیەی کاک مەسرور بارزانی ھەیە، کە ھیواخوازم سەرکەوتوو بن، گوتیشی: ”یەکەمیان، ئەوەی گرنگە کە بکرێت، یەکخستنی ھێزی پێشمەرگە و ھێزی ئاسایشی ھەرێمی کوردستانە، کە ئەگەر بێتو ئەوە روو بدات، ئەوە گەورەترین تەحەدایە کە دەکرێت، دووەمیان، چاکسازی و بەربەرەکانی گەندەڵی، سێیەمیان بەلای منەوە سەربەخۆیی دادگاکانە کە سیستەمی دادگای سەربەخۆ، زۆربەی بابەتەکان چارەسەر دەکات“.



ئاماژەی بەوەش دا، جگە لەو بابەتە ناوخۆییانە، ئەوەی گرنکە لەو کابینەیەدا بکرێت، چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدایە، کە دەکرێت وەزارەتێکی تایبەت بۆ ئەو پرسە دابمەزرێت، یان دەزگایەکی تایبەت ھەبێت، گوتیشی: ”گرنگترین شت بۆ ئەنجامدانی ئەو کارانە ھاوکاریی لایەنەکانە بەتایبەتی یەکێتی، بێ گومان کاک مەسعود بارزانی پشتیوانی لە کاک مەسرور دەکات بۆ ئەو ھەنگاوانە و کاک نێچیرڤان بارزانی-یش خۆی گوتی کە پشتیوانی دەبێت، ئەگەر ھێزەکانیش ھاوکاریی بکەن، بێ گومان کاک مەسرور بارزانی توانای ئەنجامدانی ئەو تەحەدایانەی دەبێت“.

لەلایەکی دیکەشەوە، د. فایەق گوڵپی، چاودێری سیاسی بۆ (باس) ئاماژەی بەوە دا، لەگەڵ ئەوەی ئەوان رەشبینن بە گۆڕانکاری لەو کەرتە گرنگانەی کە دەبێت لە کوردستان چاکسازییان تیادا بکرێت، وەکوو سەربازی و دارایی و سیاسی، گوتیشی: ”کێشەی سەرەکی بوونی حزبە لە حکوومەتدا، راستە حزب حکوومەت پێک دەھێنێ، بەڵام نابێت خۆی ببێتە لەمپەر لەبەردەم گۆڕانکارییەکان، ئەگەر بێتوو ھەنگاوی جدی بۆ چاکسازی بکرێت، دەبێت ھەنگاوی یەکەم دوورخستنەوەی دەستی حزب بێت لە حکوومەت، ئەگەر ئەوە بکرێت، بێ گومان کاک مەسرور دەتوانێ ھەنگاوی گەورە بھاوێت و قۆناغەکە تێ پەڕێنێت“.

بەڵام، سیاسەتوان، دیندار نەجمان دۆسکی، بۆ (باس) ئاماژەی بەوە دا، کەسایەتیی سەرۆکی حکوومەتی نوێ، کە مەسرور بارزانییە، کەسێکی بەجورئەت و خاوەن بڕیار و پێگەیەکی بەھێزی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ھەیە، لەبەر ئەوە چاوەڕوانکراوە لە چوار ساڵی داھاتوودا، کاریگەریی زۆری لەسەر ئەدای حکوومەتەکەیدا ھەبێت.

گوتیشی: “مەسرور بارزانی، پارێزەری ئەمنی قەومیی کوردستان بووە و دەشتوانێ حکوومەتێکی بەھێز و کاریگەر بەڕێوە ببات”.











باسنيوز
Top