"لە ماوەی مانگێکدا شەش ھاووڵاتیی ھەرێم بەھۆی پەکەکەوە بوونەتە قوربانی"

چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان بنکە و بارەگای خۆیان لە نزیک گوندە ئاوەدانەکانی ھەرێمی کوردستان جێگیر کردووە و پەرلەمانتارێکیش دەڵێ، پێویستە پەکەکە چیی تر بەھانە نەداتە دەست وڵاتانی ناوچەکە بۆ ئەوەی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان ببنە قوربانی و باشووری کوردستانیش مەیدانی خەباتی پەکەکە نییە.



تەنیا لە ماوەی یەک مانگدا بەھۆی ھەبوونی بنکە و بارەگای پەکەکە لەناو خاکی ھەرێمی کوردستان دوو ھاووڵاتی شەھید بوونە، کە یەکێک لە سنووری قەزای مێرگەسۆر و یەکێکیش لە ڕۆژی یەکەمی جەژنی ڕەمەزان لە قەزای زاخۆ بووە، چوار ھاووڵاتیش بریندار بوونە، ئەوە جگە لە چۆڵکردنی دوو گوند لە سنووری زاخۆ و دروستبوونی مەترسی بۆ نزیکەی سەد گوند لە سنووری مێرگەسۆر و سیدەکان و ئامێدی.



بارزان شێخۆمەر، ھاووڵاتییەکی سنووری قەزای مێرگەسۆرە و بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "ھەبوونی پەکەکە لەسەر سنووری ھەرێمی کوردستان زیانی زۆری بۆ ئێمەی گوندنشینان ھەیە، چونکە بەردەوام منداڵەکانمان دەنگی تۆپ و فڕۆکە و جەنگ دەبیستن، ئەوەش لە ڕووی دەروونییەوە کاریگەرییەکی خراپی کردووەتە سەر ژن و منداڵەکان، جگە لەوەش، ئێمە ناتوانین لە گوندەکانمان بچینە دەرەوە، چونکە بەردەوام مەترسیی بۆ سەر گیانمان ھەیە."



دکتۆر زێدان برادۆستی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە پشتگیری لە خەباتی کوردانی ھەرچوار پارچەی کوردستان دەکەین بە شێوەیەکی ئاشتییانە، بەڵام نامانەوێ کێشەی سیاسی بۆ ھەرێمی کوردستان لە لایەن پارتی کرێکارانی کوردستانەوە پەیدا ببێت و ئەوە جێگەی دڵگرانیی خەڵکی ھەرێمی کوردستانە، چونکە مەیدانی خەباتی پەکەکە ھەرێمی کوردستان و ناوچە سنوورییەکانی ئێمە نین، بەداخەوە چەندین ساڵە پەکەکە بنکە و بارەگای خۆی لەو ناوچە سنووریانەی ھەرێمی کوردستان جێگیر کردووە و بەو ھۆیەوە زیانی زۆری بە خەڵکی ھەرێمی کوردستان گەیاندووە."



ئەو پەرلەمانتارەی پارتی گوتیشی: "سەدان گوندی ھەرێمی کوردستان بەھۆی ململانێی نێوان تورکیا و پەکەکەوە ئاوەدانییان بۆ نەچووە و ساڵانەش وڵاتی تورکیا بە بەھانەی ھەبوونی چەکدارانی پەکەکەوە ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان بۆردوومان دەکات و چەندین ھاووڵاتی بەو ھۆیەوە شەھید بوونە، ئەوە جگە لە زیانی ماددی."



ڕۆژنامەنووس، ئیقبال عومەر، دانیشتووی ناحیەی شیلادزێ، لەبارەی مەترسییەکانی پەکەکە لە ناوچەکەیان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "بەھۆی ھەبوونی بنکە و بارەگای پەکەکەوە دەیان گوندی ناوچەی شیلادزێ و دێرەلۆک ئاوەدانییان بۆ نەچووە و خەڵکی ئەو گوندانە لە سەنتەری شارەکان و کۆمەڵگا زۆرەملێکان بێکار ماونەتەوە، ھەروەھا پەکەکە ڕێگە نادات لە وەرزی پێگەیشتنی بەرھەمەکانیان، خەڵک بچنە گوندەکانیان و ھەڕەشەیان لێ دەکرێت."



پەکەکە بەردەوام خۆی دەخزنێتە نێو گوند و ئاوەدانی و شوێنە گشتییەکان و ئەوەش وای کردووە زیانێکی زۆری ماددی بەر ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان بکەوێت. بە شێوەیەک کە ئەمساڵ گەشتیاران نەیان توانیوە وەک پێویست سەردانی ھەردوو سەیرانگەی گەلی باڵندە و شەرانش بکەن، ھەروەھا جووتیارانی دەیان گوند ئەمساڵ لە ترسی شەڕی پەکەکە و تورکیا لە چاندنی زەویەکانیان بێبەش بوون.



دکتۆر زێدان برادۆستی ڕوونی کردەوە: "چەکدارانی پەکەکە بنکە و بارەگایان لە نزیک گوندە ئاوەدانەکان جێگیر کردووە و، جگە لە کێشەی وەرگرتنی سەرانە و ڕێگریکردن لە ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکان، بەردەوام بەھانە دەداتە دەست وڵاتانی ھاوسنوور کە سنووری ھەرێمی کوردستان ببەزێنن، لە نێوان ھەردوولاش بەداخەوە زەرەرمەندی یەکەم ھاووڵاتییانی سڤیلی ھەرێمی کوردستانن، لەبەر ئەوە، پێویستە پەکەکە ئەو شوێنانە بەجێ بێڵێ بۆ خەڵکە ڕەسەنەکەی.
kdp-
Top