پۆلیسی سلێمانی لەبارەی دۆسیەی کوژرانی گەنجەکەی چاڤی لاند ڕوونکردنەوە دەدات

پۆلیسی سلێمانی لەبارەی دۆسیەی کوژرانی گەنجەکەی چاڤی لاند ڕوونکردنەوە دەدات
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی، لەبارەی کوژرانی گەنجەکەی چاڤی لاند لە شەوی پێنجشەممەی ڕابردوو (سێیەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان)، ڕوونکردنەوە دەدات.

ئەمڕۆ یەکشەممە 9/6/2019، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی ڕوونکردنەوەیەکی لە پەیجی فەرمیی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاو کردەوە، تێیدا ھاتووە: "شەوی پێنجشەممە (سێیەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان)، لە ڕووداوێکی شەڕکردندا لەبەر دەرگای یەکەمی پڕۆژەی گەشتیاریی چاڤی لاند، گەنجێکی تەمەن 18 ساڵ بەناوی (ع، ح، ع) کوژرا، دوای ڕووداوەکە ھێزەکانی پۆلیس سێ تۆمەتباریان دەستگیر کرد".

پۆلیسی سلێمانی ئەوەشی خستووەتە ڕوو: "بۆ ھەموو لایەکی ڕوون دەکەینەوە، کە ھەر لە سەرەتای ئاگادارکردنەوەی ھێزەکانی پۆلیسی سلێمانی لە ڕووداوی کوشتنی گەنجەکە، دەستبەجێ ھێزەکانی پۆلیسی فریاکەوتن گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و گەنجەکە بە برینداری بۆ نەخۆشخانە گواستراوەتەوە، بەڵام بەداخەوە بەھۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەست داوە".

ئاماژە بەوەش دراوە، ھاوکات توانراوە سێ تۆمەتبار بەناوەکانی (ن ، ح ، ج) و (ژ ، ن ، ح) و (ڕ ، ع ، ع) دەستگیر بکرێن، ڕادەستی بنکەی پۆلیسی ئازادی بکرێن بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر لە ڕووداوەکە".

ئێستا لەلایەن پۆلیسی سلێمانییەوە ھەموو ڕێکارە یاساییەکان گیراونەتە بەر و ھەر کەسێکیش لەسەر ئەم ڕووداوە فەرمانی گرتنی بۆ دەربچێت، "دەستگیر دەکرێت".













باسنيوز
Top