دیندار دۆسکی: پەیامەکەی سەرۆک بارزانی ڕێگاخۆشکەرە بۆ ئەوەی پارتی و یەکێتی بگەنە ڕێککەوتن
د. دیندار دۆسکی، سیاسەتمەداری کورد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای پەیامەکەی سەرۆک بارزانی بڕیارە دیدارێکی باڵا لە نێوان پارتی و یەکێتیدا بکرێت بۆ ئەوەی بگەنە ڕێککەوتن و چاوەڕێ دەکرێت پێش سوێندخواردنی سەرۆکی ھەرێم، پارتی و یەکێتی بگەنە ڕێککەوتن، چونکە پەیامەکەی سەرۆک بارزانی ڕێگاخۆشکەرە بۆ ئەوەی بگەنە ڕێککەوتن، لەبەر ئەوەی سەرۆک بارزانی مڵکی ھەموو کوردستانە و تەنھا مڵکی پارتی نییە، بۆیە ھەر کێشەیەک ھەبێت سەرۆک بارزانی ڕێگە نادات بە ھەڵپەسێردراوی بمینێتەوە و چارەسەری دەکات."
د. دیندار دۆسکی گوتی: "کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی ھێندە قورس نین چارەسەر نەکرێن. کێشەکە تەنھا پارێزگاری کەرکووکە، لەسەر ئەویش دەگەنە ڕێککەوتن و کۆتایی بەو کێشەیە دێت. بۆیە بە ڕای من، پێش ئەوەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان سوێندی یاسایی بخوات، ڕێککەوتن دەکەن و کێشەکە کۆتایی پێ دێت."
دۆسکی باسی لەوەش کرد: "پەیامەکەی سەرۆک بارزانی، پەیامێکی حەکیمانەیە و سەرۆک بارزانی ھەمیشە خۆی بە خاوەنی ھەموو کوردستان زانیوە، بۆیە کێشەکان لە ڕێگەی ئەوەوە چارەسەر دەکرێن."
دۆسکی گوتیشی: "ھەرکاتێک سەرۆکی ھەرێم دەستبەکار بێت دەبێتە ھاوکارێکی باش بۆ ئەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش بەزوویی پێک بێت، چونکە ئەزموونێکی باشی ھەیە و کەسێکی میانڕەوە و دەتوانیت وا بکات حکوومەت چیی تر دووا نەکەوێت، چونکە پەیامی ئەویش جێگەی ڕەزامەندیی ھەموو لایەک بووە، بۆیە کێشەکان دووا ناکەون و چارەسەر دەکرێن."
kdp-
