کەسایەتییەکی خەیلانی لە لایەن ئێرانەوە دەستگیر دەکرێت
سەعدی خدربەگ خەیلانی، ئەندامی لقی ٢٤ی سەفینی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کاتێکدا کە بە مەبەستی چارەسەری نەخۆشی، سەردانی ئێرانی کردووە، لەلایەن هێزەکانی ئەو وڵاتەوە دەستگیر کراوە.
لەمبارەیەوە ھیوا ئەحمەد٫ ئەندامی سەرکردایەتی و بەرپرسی لقی ٢٤ی پارتی ڕايگەیاند: "ھۆکاری دەستگیرکردنەکەی سیاسی نییە، بەگوێرەی ئەوەی باس دەکرێت، لە شوێنی مۆرکردنی ڤیزا پەلەیان کردووە و دەرچوون و دوای ئەوەی زانیویانە ڤیزەیان لێ نەداوە، گەڕاندویاننەتەوە و دەستبەسەریان کردوون".
ڕوونیشی کردەوە کە جگە لە سەعید خدر کە ئەندامی لقی ٢٤ە، دوو کەسی دیکەش لەگەڵیدا دەستگیر کراون، گەشتەکەشیان دیارە بۆ سەردانی پزیشک بووە، ”جیا لەوەش زانیاریی دیکەمان نییە“.
بەرپرسی لقی ٢٤ی پارتی باسی لەوە کرد کە ئاگایان لەوە نییە ئەو کەسە چەند ڕۆژە گەشتی کردووە، بەڵام ”بە گوێرەی قسەی خێزانەکەی، دوو ھەفتەیە دەست بەسەر کراوە".
لەبارەی ڕێوشوێنەکانی ئازادکردنیشی، هیوا ئەحمەد ڕايگەیاند: ”سەرووی خۆمان ئاگادار کردووەتەوە، تاوەکوو لەڕێگەی کونسوڵخانەوە پەیوەندی بە دەوڵەتی ئێرانەوە بکەن، تاوەکوو ئەگەر کێشەیەکی یاسایی ئەوتۆی نەبێت، ئازاد بکرێت“.
باسنيوز
