خانەقین.. بۆمبێک بە جووتیارێکی کورددا تەقییەوە

خانەقین.. بۆمبێک بە جووتیارێکی کورددا تەقییەوە
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ لە گوندێکی سەر بە قەزای خانەقین، بۆمبێک بە جووتیارێکی کورددا تەقییەوە و بەو هۆیەوە بە سەختی بریندار بوو.

عەمیدی مافپەروەر لەمیعە محەمەد، دانیشتووی شاری خانەقین، ڕايگەیاند: "سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ ۸/٦/۲۰۱۹ لە گوندی (یووسف بەگ)ی سەر بە قەزای خانەقین، بۆمبێک بە جووتیارێکی کورددا تەقیوەتەوە و بەو هۆیەوە بە سەختی بریندار بووە".

گوتیشی: "تەقینەوەکە لە کاتێکدا ڕووی داوە کە جووتیارەکە ویستوویەتی سەردانی باخەکەی بکات".

ڕوونیشی کردەوە: "پاش چارەسەری سەرەتایی لە نەخۆشخانەی گشتیی خانەقین، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە بۆ چارەسەرکردن ڕەوانەی نەخۆشخانەی بەعقووبە کراوە".

خانەقین یەکێکە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانە ک پاش ڕووداوەکانی ۱٦ ی ئۆکتۆبەری ساڵی ۲۰۱۷ دۆسیەی ئەمنیی کەوتە دەست هێزە عێراقییەکان و حەشدی شەعبی و لەو کاتەوە تا ئێستا ڕۆژ دوای ڕۆژ ژمارەی کردەوە تیرۆریستییەکانی سنووری قەزاکە لە زیادبووندایە.











باسنيوز
Top