سەفین گەردی: ئامادەکاریی تەواو بۆ مەراسیمی سوێند خواردنی سەرۆکی ھەرێم کراوە“
سەفین گەردی، ئەندامی فراکسۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، ڕاگەیاند: ھەموو ئامادەکارییەک بۆ مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەڵبژێردراوی ھەرێمی کوردستان کراوە، رۆژی ١٠ی ئەم مانگە کە دەکاتە ڕۆژی دووشەممە، لە کاتژمێر ١١ی پێش نیوەڕۆ، بە ئامادەبوونی نوێنەرانی وڵاتان و عێراق و حزب و لایەنە سیاسییەکان، لە مەراسیمێکی گەورە و شایستەدا سەرۆکی ھەرێم سوێندی یاسایی دەخوات“.
ڕوونیشی کردەوە، بەھۆی ئامادەبوونی نوێنەرانی وڵاتان و حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و نوێنەری وڵاتان و باڵیۆز و کۆنسووڵەکان، پەرلەمانی کوردستان بڕیاری دا دانیشتنی پەرلەمان بۆ سوێندخواردنی نێچیرڤان بەرزانی وەک سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە ھۆڵی شەھید سەعد عەبدوڵڵا بەڕێوە بچێت.
ئاماژەی بەوەش دا، بەرھەم ساڵح، بانگھێشتی مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆکی ھەرێم کراوە، هەروەها پێشبنی دەکەن بەشێکی زۆری بەرپرسانی وڵاتانی بیانی بەشداریی مەراسیمی سوێندخواردنەکە بکەن.
سەفین گەردی ڕوونی کردەوە: ”دوای مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆکی ھەرێم، مەرسوومی هەرێمی لەلایەن سەرۆکی ھەرێمی کوردستانەوە دەردەچێت و داوا لە مەسروور بارزانی دەکرێت، وەکو سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ھەنگاوەکانی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەت دەست پێبکات“.
باسنیوز
